رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا پرۆژەیاسایەکی نوێی ئامادە کردووە بە مەبەستی رێگریکردن لە "کاری ڕەش" (کارکردنی بێ مۆڵەت و نایاسایی) و، بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە هۆڵەکانی جوانکاری و سەرتاشخانەکاندا. پرۆژەیاساکە سزای تووند بۆ کارمەند و خاوەنکارە سەرپێچیکارەکان دیاری دەکات.
بەپێی وردەکارییەکانی پرۆژەیاساکە، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەڵمانیاوە ئاشکرا کراوە، دوای پەسەندکردنی پێویستە هەموو کارمەندێکی هۆڵەکانی جوانکاری و سەرتاشخانەکان لەکاتی کارکردندا ناسنامەی فەرمیی خۆیان پێبێت.
لارس کلینگبایل، وەزیری دارایی و جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "لەکاتی ئەنجامدانی پشکنین و کۆنترۆڵدا، هەر کارمەندێک نەتوانێت ناسنامەی فەرمیی خۆی بسەلمێنێت، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە کە بڕەکەی 5000 یۆرۆیە."
هاوکات یاسا نوێیەکە ئەرکێکی قورسیش دەخاتە سەر شانی خاوەنکارەکان. بەپێی یاساکە، دەبێت خاوەنکارەکان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە دامەزراندنی هەر کارمەندێک ئاگادار بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەم و چەند خوولەکێکیش بێت.
لە ئەگەری پابەندنەبوون بەم بڕگەیە، خاوەنکارەکەش بۆ هەر حاڵەتێکی سەرپێچی کە لەکاتی پشکنیندا ئاشکرا دەبێت، بە بڕی 5000 یۆرۆ سزا دەدرێت.
وەزیرەکەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا زانیاریی زۆریان پێگەیشتووە سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی ئەو جۆرە شوێنانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ