داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە ئەورووپا لەلایەن سووریاییەکانەوە 66% کەمی کردووە

08-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پەنابەران (EUAA) دەڵێت، لە 6 مانگی سەرەتای 2025دا سووریاییەکان 25 هەزار داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە لە یەکێتیی ئەورووپا، نەرویج و سویسرا پێشکێش کردوون. ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 66٪ کەمترە. 
 
بەهۆی دابەزینی ژمارەی داواکاریی سووریاییەکان، کۆی گشتیی داواکردنی مافی مانەوە لە یەکێتیی ئەورووپا، بەراورد بە پار 23٪ کەمی کردووە.
 
یەکێتیی ئەورووپا (EU) لە 27 وڵات پێکدێ، نەرویج و سویسرا ئەندامی نین، بەڵام پێکەوە پێیان دەگوترێت (EU+).
 
رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، ئاژانسەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: "ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە بەزۆری بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتەوە نییە لە EU+، بەڵکو لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریای هۆکارەکەیە".
 
"بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بانگەشە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەکەن، زۆرێک لە سووریاییە ئاوارەبووەکان ئێستا زیاتر هیوایان بە گەڕانەوە و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکانیان هەیە،" ئەوە وەک ئاژانسەکە دەڵێت. 
 
سووریاییەکان کە بۆ ماوەیەکی درێژ، زۆرترین ژمارەی داواکارانیان پێکدەهێنا، ئێستا لەدوای ڤەنزوێلییەکان و ئەفغانستانییەکان، سێیەم گەورەترین گرووپن.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێشتر ئەڵمانیا ئامانجی یەکەمی کۆچبەران و پەناخوازان بوو، ئێستا پەناخوازان زیاتر روو لە ئیسپانیا و فەرەنسا دەکەن بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، بە گشتی وڵاتانی EU+ لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 399,000 داواکاریی مانەوەیان وەرگرتووە.
 
ڤەنزوێلییەکان، کە بەهۆی پشێوییە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتەکەیانەوە تووشی کێشە بوون، 49,000 داواکارییان پێشکێش کردووە.
 
برۆکسل پێشوازی لەو کەمبوونەوەیە دەکات، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێ کۆچ و کۆچبەران سنووردار بکات، ئەمەش بەتایبەت لەدوای زیادبوونی دەنگی راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەندامانی یەکێتییەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە