دیاردەی هەڵاتن لەنێو سوپای ئۆکراینا سەرهەڵدەدات.. رۆژانە سەدان سەرباز هەڵدێن

08-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سێ ساڵ و نیوی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی دەسەڵاتدارانی کیێڤ کەمیی ژمارەی سەربازەکانیانە، ئێستاش ئەو کێشەیە گەورەتر بووە، بووەتە قەیران و رۆژانە بە سەتان سەربازی ئۆکراینی لە سوپا هەڵدێن.
 
ئۆکراینا تاڕادەیەک توانیویەتی قەرەبووی کەمیی کەرەستەکانی بکاتەوە، ئەمەش لە رێگەی هاوکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام کەمیی هێزی مرۆیی بە بەردەوامی رێگرە لە توانای ئۆکراینا بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی دژی هێرشەکانی رووسیا.
 
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، ژمارەی دانیشتووانی رووسیا نزیکەی 3.7 ئەوەندەی ئۆکراینا زیاتر بوو. لەدوای دەستپێکردنی جەنگیش، ژمارەیەکی بەرچاوی ئۆکراینییەکان خراونەتە سەر رووسیا. جگە لەوەش، ملیۆنان ئۆکراینی بەرەو وڵاتانی ئەورووپا ئاوارە بوون.
 
لەگەڵ ئەوەش ئۆکراینا توانایەکی بەرچاوی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیادا نیشانداوە؛ بەڵام کەمیی هێزی مرۆیی وایکردووە کیێڤ بەردەوام لە دۆخێکی نالەباردا بێت بەرامبەر مۆسکۆ.
 
بەڵام جگە لەم ئاڵنگارییە، ئێستا ئۆکراینا رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ بووەتەوە؛ ئەویش زیادبوونی ژمارەی سەربازە هەڵاتووەکانە لە بەرەکانی جەنگ.
 
زیادبوونی دیاردەی هەڵاتنی سەربازی
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئۆکراینا، لەدوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە شوباتی 2022، زیاتر لە 250 هەزار سەرباز لەنێو هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا تۆمار کراون.
 
لەنێوان شوباتی 2022 تاوەکو تەممووزی ئەم ساڵ 202 هەزار و 997 دۆسیەی تاوانکاری لەسەر جێهێشتنی بێ مۆڵەتی یەکە سەربازییەکان کراوەتەوە، لەو ژمارەیەش 15 هەزار و 564 کەس بە فەرمی بەو تاوانە تۆمەتبار کراون.
 
نووسینگەی داواکاری گشتی ئەوەشی راگەیاندووە، لە هەمان ماوەدا 50 هەزار و 58 دۆسیەی هەڵاتن کراونەتەوە و هەزار و 248 کەس بە هەڵاتن لە بەرەکانی جەنگ تۆمەتبار کراون.
 
ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە لە ساڵی 2022دا، نزیکەی 29 سەرباز رۆژانە لە سوپای ئۆکراینا هەڵاتوون. لە ساڵی 2023دا، ژمارەی هەڵاتنەکان بۆ نزیکەی 70 سەرباز لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە. لە ساڵی 2024دا، ژمارەکە زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە 250 سەرباز لە رۆژێکدا، و لە 7 مانگی یەکەمی ئەم ساڵیشدا، ژمارەی سەربازی هەڵاتوو گەیشتووەتە 576 سەرباز لە رۆژێکدا.
 
ئەمەش بە روونی پێشانی دەدات لەگەڵ درێژبوونەوەی جەنگەکە، ژمارەی هەڵاتنەکانیش لەنێو سوپای ئۆکراینادا بە خێراییەکی بەرچاو زیاد دەکات، ئەمەش دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی بێزاری و ماندووێتیی جەنگ لەنێو سەربازانی ئۆکراینادا بڵاوبووەتەوە.
 
هەڵاتن لە سوپای رووسیا
 
لە ماوەی ئەو جەنگە سێ ساڵ و نیوییەدا، سوپای رووسیاش دووچار حاڵەتی هەڵاتنی سەربازیی بووەتەوە. لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە، 20 هەزار و 538 حاڵەتی هەڵاتن لەنێو هێزە چەکدارەکانی رووسیا روویانداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، بە پشتبەستن بە داتاکانی میدیای رووسی، ئاماژەی بەوەش کردووە، "زۆربەی حاڵەتەکان کە لە شوباتی 2022 تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری 2025 دەگرێتەوە، پەیوەندییان بە بەجێهێشتنی سوپا هەیە بەبێ مۆڵەت، کە لە رووسیا سزاکەی تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردنە. زیاتر لە 86.2%ی حاڵەتەکانی هەڵاتن لە سوپا دادگەیی کراون."
 
بۆچی رێژەی هەڵاتن لە سوپای ئۆکراینا زیاترە؟
 
داتاکانی سەرەوە بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن سوپای ئۆکراینا رێژەی هەڵاتنی زۆر زیاترە بەراورد بە سوپای رووسیا. لە کاتێکدا ئۆکراینا لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە زیاتر لە 250 هەزار حاڵەتی هەڵاتنی هەبووە، بەگوێرەی راپۆرتەکان رووسیا تەنیا 20 هەزار و 538 حاڵەتی هەڵاتنی تێدا هەبووە.
 
ئەمەش جگە لەوەی مانگی رابردوو ئانا سکۆرۆخۆد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئۆکراینا رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپایان بەجێهێشتووە گەیشتووەتە نزیکەی 400 هەزار سەرباز.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW)ی بەریتانی، رووسیا نزیکەی 650 هەزار سەربازی لە بەرەکانی جەنگدا بڵاوکردووەتەوە. بە بەراورد، ئۆکراینا تەنیا توانای هەیە 200 هەزار بۆ 300 هەزار سەرباز بۆ مانەوە لە بەرەکانی جەنگدا کۆبکاتەوە.
 
ئەم جیاوازییە زۆرە لە سەرچاوەکانی هێزی سەربازی و مرۆییدا بەو واتایە دێت، لە کاتێکدا رووسیا دەتوانێت بەردەوام سەربازانی بەرەکانی جەنگی ئاڵوگۆڕ پێبکات، بە مەبەستی رێگریکردن لە ماندووبوون، پاراستنی ورە و بەردەوامیدان بە جەنگەکە، لە هەمان کاتدا ئۆکراینا بەهۆی سنوورداریی ژمارەی سەربازەکانیەوە ئەو دەرفەتەی نییە.
 
کەمیی توانای مرۆیی لەنێو سوپای ئۆکراینادا بووەتە هۆی ئەوەی سەربازەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بێ پشوو لە بەرەکانی جەنگ بمێننەوە، ئەمەش ماندووبوون و زیانە گیانییەکانی زیاتر کردووە.
 
بەپێی راپۆرتەکان، سەربازانی رووسی بە تێکڕا 3 بۆ 6 مانگ لە بەرەکانی جەنگدا خزمەت دەکەن، پێش ئەوەی پشوو وەربگرن.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی مانگانە 50 بۆ 60 هەزار سەربازی نوێ وەردەگرێت. بەم هەنگاوەش مۆسکۆ توانای هەیە بەردەوام سەربازەکانی لە بەرەکانی جەنگ بگۆڕێت و پشووی پێویستیان پێ بدات.
 
بەڵام هەرچی ئۆکراینایە، بەهۆی کەمیی ژمارەی سەربازانیانەوە وایکردووە گوشارێکی زیاتر لەسەر سەربازەکانی هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.