"باوکی ژیریی دەستکرد" دەڵێت خۆشەویستەکەی بە یارمەتیی ChatGPT لێی جیابووەتەوە

08-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسەی بە "باوک ژیریی دەستکرد" ناسراوە، دەڵێت، خۆشەویستەکەی بە قسەی ChatGPT لێی جیابووەتەوە، بەم شێوەیەش، ئەو تەکنەلۆژیایەی کە خۆی زۆرترین دەستی لە پەرەپێدانیدا هەبووە، سەری پەیوەندییەکەی خوارد. 
 
جێفری هینتن، براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی 2024، کە ساڵانێکی زۆر لە کۆمپانیای گووگڵ ئەندازیاری ژیریی دەستکرد بووە، ماوەیەکی زۆرە هۆشداری دەدات کە ژیریی دەستکرد مەترسیی گەورەی بۆ سەر مرۆڤایەتی هەیە. 
 
وادیارە، ژیانی تایبەتی خۆیشی لە مەترسیی تەکنەلۆژیاکە پارێزراو نەبووە. 
 
هینتنی تەمەن 77 ساڵان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیەڵ تایمز باس لەوە دەکات، خۆشەویستەکەی پێشووی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵی بووە، دوای وەرگرتنی راوێژ لە بەرنامەی ChatGPT، لێی جیابووەتەوە. لە کاتێکدا ئەگەر لێکۆڵینەوە و توێژینەکانی هینتەوە نەبوونایە، دروستکردنی ئەو چاتبۆتە لە بنەڕەتدا ئەستەم دەبوو. 
 
هینتن دەڵێت: "ئەو ژنە وای لە ChatGPT کرد بە من بڵێت کە من چ جرجێکی گەڕم. ئەو ChatGPTی بەکارهێنا بۆ ئەوەی باس بکات، کە رەفتارم چەندە خراپە و دواتر بە منی دا بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە."
 
زانا بەریتانی- کەنەدییەکە بەرگری لە خۆی دەکات و دەڵێت: "پێموانییە من جرجێکی گەڕ بم. بۆیە زۆر منی بریندار نەکرد." 
 
هینتن ئاماژە بەوە دەکات، ئەو قسە و نووسینانەی خۆشەویستەکەی کە بە یارمەتیی و راوێژی ChatGPT نووسیبوونی، نامەی جیابوونەوە و ماڵئاوایی بوون. بۆیە دوای ئەو ژنە، دەڵێت: "بڕیارمدا کەسێک بدۆزمەوە کە زیاتر حەزی پێ بکەم."
 
بەسەرهاتی "باوکی ژیریی دەستکرد" و ChatGPT نیشانمان دەدات کە تەکنەلۆژیاکە بە چ رادەیەکی بەرفراوان لە نێو ژیانی رۆژانەی خەڵکدا بڵاوبووەتەوە و تەنانەت بۆ "باوک"ی خۆیشی بووەتە کێشە.
 
خۆشەویستەکەی پێشووی هینتن تاکە کەس نییە کە ChatGPT بۆ وازهێنان لە خۆشەویستەکەی بەکارهێنابێت. 
 
بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا، چاتبۆتەکەی کۆمپانیای OpenAIی ئەمریکی، لە کاتی دروستبوونی کێشە لە پەیوەندیی خۆشەویستی یان هاوژینیدا، بووەتە راوێژکار، پارێزەر و موفتی و مەلا. 
 
چاتبۆتەکە نەک تەنیا یارمەتییان دەدات نامەی جیابوونەوە بنووسن، بەڵکو هانی هەندێکیشیانی داوە داوای تەلاق و جیابوونەوە بکەن. 
 
هەرچەندە بە هاندان و یارمەتیدانی خەڵک بۆ جیابوونەوە لە یەکدی، مەترسیی ژیریی دەستکرد نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەڕەشە لە مان و نەمانی مرۆڤ بکات، بەڵام هینتن هۆشداری دەدات کە هێشتا مەترسییەکە کەم نییە و دەبێت بەهەند وەربگیرێت. 
 
هینتن کە لە زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا مامۆستایە، پێیوایە دەکرێت تەکنەلۆژیاکە "لێکەوتەی کارەستبار"ی هەبێت. 
 
ئەو داوا دەکات، دەستوبردی لێ بکرێت بۆ ئەوە پارێزراو بکرێت، پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت. 
 
هینتن دەپرسێت: "وای دابنێ هەندێک بوونەوەری ئاسمانی بە تەلەسکۆپ دەبینی کە 10 ساڵی دیکە دەگەنە سەر زەوی و داگیری دەکەن. ئایا ئەو کات دەڵێی چۆن بە ئەرێنی بیربکەینەوە؟ نەخێر، دەڵێی چی بکەین و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شتە بکەین؟ ئەگەر ئەرێنیبوون بە واتەی ئەوە بێت کە وا پێشانیبدەین کە شتەکە روونادات، ئەوا دەبێت خەڵکەکە ئەرێنی نەبن."
 
هینتن هەروەها پێیوایە ژیریی دەستکرد دەرهاویشتەی زۆر خراپی بۆ کۆمەڵگە دەبێت، لەبەرئەوەی "بێکاری زۆر زیاد دەبێت" و لە هەمان کاتدا، قازانجی کۆمپانیا گەورەکان بە شێوەیەکی "زەبەلاح زیاد دەبێت."
 
ئەو دەڵێت: "ژیریی دەستکرد هەندێ خەڵکی کەم، زۆر دەوڵەمەندتر و زۆربەی خەڵکی دیکە هەژارتر دەکات. ئەمە هەڵەی ژیریی دەستکرد نییە، ئەمە سیستمی سەرمایەدارییە."
 
وێڕای هەموو ئەو رەشبینییە، هینتن دانی پێدا دەنێت کە رۆژانە ChatGPT بەکاردەهێنێت و لە بارەی کاروباری نێوماڵ و لێکۆڵینەوەی دیکە، پرسیاری لێ دەکات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا