رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، بەهۆی پچڕانی کێبڵی ئینتەرنێت لە ژێر دەریای سوور، کێشە بۆ هەندێ لە خزمەتگوزارییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بووە.
بە گوتەی کۆمپانیا زەبەلاحە تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکە، بە دیاریکراوی خزمەتگوزاریی کلاودی (ئاژوور)، کە بریتییە لە کۆگای داتای ئۆنلاین، گرفتی بۆ دروست بووە.
مایکرۆسۆفت هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری پچڕانی کێبڵەکانی ئینتەرنێتەوە نەداوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، گرفتەکە لە شەممەوە سەریهەڵداوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، خزمەتگوزارییەکانی لەو وڵاتانەی کە پشت بە کێبڵەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نابەستن، وەک خۆیان ماونەتەوە و زیانیان پێ نەگەیشتووە.
رێکخراوی چاودێریی ئینتەرنێت (نێتبڵۆکس) ئاماژەی بەوە کرد، پچڕانی ژمارەیەک کێبڵی ئینتەرنێت لە ژێر دەریای سووردا، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی ئینتەرنێت لە چەندین وڵات، لەنێویاندا هیندستان و پاکستان.
کێبڵە جیهانییەکانی ئینتەرنێت بە دەریای سووردا تێدەپەڕن، کە کەشتییەکانیش هەمان رێڕەو بۆ هاتووچۆ بەکاردێنن.
نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی هێڵەکانەوە زیادیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن لە کۆتایی ساڵی 2023ـەوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو ناوچەیە کرد.
دانان و کارپێکردنی کێبڵەکانی ژێر دەریا، بۆ ماوەیەکی درێژ لەلایەن کۆمەڵە کۆمپانیایەکی بواری گەیاندنەوە قۆرخ کرابوو، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک مایکرۆسۆفت و گووگڵیش تاوەکو رادەیەکی زۆر ئەو کارەیان گرتووەتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان باشتر بگەیێننە ناوچە جیاجیاکانی جیهان.
نزیکەی 1.4 ملیۆن کیلۆمەتر کێبڵی فایبەرئۆپتیک لە بنی زەریاکاندا راکێشراون، کە رێگە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک بازرگانی، مامەڵە داراییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تەندروستیی دیجیتاڵی و خوێندن لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن.
زیانگەیاندن بە کێبڵەکانی ژێر دەریا شتێکی نامۆ نییە.
بەپێی لیژنەی نێودەوڵەتیی پاراستنی کێبڵەکان، ساڵانە بە تێکڕا 150 بۆ 200 رووداوی پچڕان لە سەرانسەری جیهاندا روودەدەن، واتە هەفتانە نزیکەی سێ رووداو.
لیژنەکە پێیوایە راوکردنی ماسی و لەنگەرگرتنی کەشتییەکان بەرپرسی زۆرینەی ئەو زیانانەن.
کێبڵەکان مەترسیی سرووشتیشیان لەسەرە، لەنێویاندا کۆنبوون، داخوران و تێکچوونی ئامێرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ