رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سووری نەرویج رایگەیاند، پشتگیری لە بەهێزکردنی پێگەی فیدراڵیی کورد لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) دەکەن و هەوڵدەدەن دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستبهێنن. هەروەها دەڵێت، دەبێت تورکیا هێرشکردنە سەر ئامانجە کوردییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و باکووری عێراق رابگرێت.
ماری سنێڤێ مارتینوسن، سەرۆکی پارتی سووری نەرویجی(Rødt)، لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی رووداودا تیشکی خستە سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی پارتەکەی لەبارەی چەند پرسێکی گرنگەوە، لەنێویاندا دۆزی کورد، سیاسەتی ئابووری و پرسی کۆچبەران لە نەرویج. مارتینوسن جەخت دەکاتەوە، پێویستە حکومەتی داهاتووی نەرویج دان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بنێت و پشتیوانییان بکات.
سەبارەت بە دۆزی کورد، سەرۆکی پارتی سوور پشتیوانیی تەواوی پارتەکەی بۆ مافەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە نەرویج دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "پارتی سوور دەیەوێت نەرویج دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بنێت و هاوکارییان بکات."
مارتینوسن داواشی کرد، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان رابگرێت و گوتی: "پێویستە نەرویج گوشار لەسەر تورکیا دروست بکات بۆ راگرتنی لکاندنی ناوچە کوردییەکانی وەک عەفرین و داوای کشانەوەی سەربازیی تەواو لە ناوچە داگیرکراوەکان بکات."
هاوکات، پارتەکەی پشتیوانی لە بەهێزکردنی پێگەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دەکات و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەدات.
لەبارەی سیاسەتی ناوخۆیی نەرویجەوە، سەرۆکی پارتی سوور ئاماژەی بەوە کرد، پلانیان هەیە بۆ باشترکردنی باری دارایی خەڵکی ئاسایی لەرێگەی کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، دانانی نرخی دیاریکراو بۆ کارەبا، رێفۆرمی تەندروستیی ددان و کەمکردنەوەی باج لەسەر داهاتی نزم و ئاسایی. بە گوتەی مارتینوسن، "پارتی سوور دەیەوێت خەڵکی ئاسایی لە کۆتایی مانگدا پارەی زیاتریان بۆ بمێنێتەوە."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ماری سنێڤێ مارتینوسن، سەرۆکی پارتی سووری نەرویجی (Rødt):
رووداو: پارتەکەتان چۆن پلانی هەیە بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئابووریی خۆی بە شێوەیەک کە بۆ خەڵکی نەرویج سەرنجڕاکێش بێت؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: پارتی سوور (Rødt) دەیەوێت خەڵکی ئاسایی لە کۆتایی مانگدا پارەی زیاتریان بۆ بمێنێتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دەبێت نرخەکان کۆنترۆڵ بکەین و تێچووی خێزانەکان کەمبکەینەوە، ئەویش لەرێگەی رێفۆرمێکی گونجاوی تەندروستیی ددان، دانانی نرخێکی ماکسیمم بۆ کارەبا و کەمکردنەوەی باج بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەو کەسانەی داهاتی ئاسایی و نزمیان هەیە. پارتی سوور داهات لەوانە وەردەگرێتەوە کە زۆرترین داهات و سامانیان هەیە، تاوەکو بتوانین باج لەسەر چینەکانی خوارەوە کەمبکەینەوە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پارە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسایشی کۆمەڵگە دابین بکەین.
رووداو: بەلای ئێوەوە کام پرسانە بۆ نەرویجییەکانی ئەمڕۆ لە هەموویان سەرەکیتر و گرنگترن، و روونترین پلانەکانی پارتەکەتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی (چوار) لەو ئاڵنگارییانە چین؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: ئێستا خێزانێکی ئاسایی لە نەرویج هێزی کڕینی لاوازترە بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر. زۆربەی خەڵک پارەی کەمتریان هەیە و هەست دەکەن دەنگیان کەمتر گرنگیی هەیە. لە هەمان کاتدا، بانکەکان و زنجیرە مارکێتەکان بە ملیار قازانج دەکەن. لەسەر ئاستی جیهانیش، دەبینین چۆن دەسەڵات لە دەستی گەورە سەرمایەدارەکان و سیاسییە باڵاکاندا چڕبووەتەوە کە تەنیا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا کار دەکەن و رێز لە یاسای نێودەوڵەتی ناگرن. پارتی سوور لە پێشەنگی گۆڕانکاریی راستەقینەدایە، بە پلانێکەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە خەڵکی ئاسایی زیاتریان دەستدەکەوێت لە پارە، دەسەڵات، و متمانە بە داهاتوو.
ئێمە پلانی گشتگیرمان بۆ خۆشگوزەرانی، دیموکراسی، وزە و تەندروستیی ددان هەیە. ئەمانە چوار رێکاری کردەیین:
- داوا دەکەین نەرویج بەردەوام پشتگیری لە یاسای نێودەوڵەتی بکات و دژی هەموو تاوانێکی جەنگ بوەستێتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی لەلایەن رووسیا، ئیسرائیل، تورکیا، یان هەر لایەنێکی دیکەوە ئەنجام دەدرێن.
- رێفۆرمی تەندروستیی ددان دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بە ئامانجی ئەوەی چارەسەری ددان بەخۆڕایی بێت، تاوەکو سەردانیکردنی پزیشکی ددان تێچووی لە سەردانیکردنی پزیشکیی گشتی زیاتر نەبێت.
- کەمترین ئاستی هاوکاری و دەرماڵەکان بەرز دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک هەژار نەبێت کاتێک بەساڵاچوو یان نەخۆش کەوت.
- کۆنترۆڵی دیموکراتییانەی وزە دەکات، بە دانانی نرخێکی ماکسیمم بۆ کارەبا.
رووداو: دیدگای پارتەکەتان لەسەر کۆچبەری چییە؟ چ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی کۆچبەری بۆ نەرویج بەشێوەیەک رێکبخرێت کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ئابووری و هێزی کاری وڵاتدا بکات؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: پارتی سوور دیدگایەکی ئەرێنیی بۆ کۆچبەری هەیە و پێیوایە دەتوانێت کۆمەڵگە دەوڵەمەند بکات. ئێمە دەمانەوێت پەرە بەو سیاسەتانە بدەین کە جەخت لەسەر تێکەڵکردن و گونجاندن دەکەنەوە نەک توانەوە، بۆ ئەمەش دەبێت گرنگیی یەکەم بە رێکخستنی باش بدەین کە دەرفەت بۆ کۆچبەران لە نەرویج بڕەخسێنێت. هەرکەسێک بە هەر هۆکارێکەوە بێتە نەرویج، دەبێت رووبەڕووی سیاسەتێکی نیشتەجێبوون، کار، قوتابخانە و خوێندنی گشتگیر ببێتەوە کە دەرفەتی ئەوەی پێبدات لێرە ژیانێکی باش بژی.
هەروەها پارتی سوور خوازیارە 5,000 پەنابەری پشک (کۆتا) وەربگرێت، وەک لەلایەن کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پێشنیاز کراوە.
رووداو: پارتەکەتان چۆن دەڕوانێتە کۆچبەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە؟ بەڕای ئێوە، گەورەترین سوود و ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە بەشداریی ئەم گرووپە کۆچبەرانە لە نەرویجدا چی بوون؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: پارتی سوور پێیوایە ئەوانەی لە کولتوورە جیاوازەکانەوە هاتوونەتە ئێرە، بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشەوە، کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگیان دروستکردووە، کە ئەمەش خاڵێکی بەهێزە بۆ نەرویج بە گشتی. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە کۆچبەری بریتییە لە دڵنیابوونەوە لە گونجاندنێکی دروست و پێدانی دەرفەت بە خەڵک بۆ ئەوەی لێرە ژیانێکی باش بۆ خۆیان دروست بکەن. بۆ ئەمەش، دەبێت دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی نەرویج بەهێز بکەین و دژی کەمکردنەوەی بودجەی سیاسەت و رێکارەکانی تایبەت بە گونجاندن بوەستینەوە.
رووداو: پارتەکەتان چۆن دەڕوانێتە کوردانی تورکیا، سووریا، عێراق، و ئێران؟ ئایا پێتانوایە پارتەکەتان دەبێت مامەڵەیەکی تایبەتی هەبێت لە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر بەم گرووپانە و ئەگەر بەڵێ، چۆن؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: پارتی سوور پشتیوانیی گەلی کورد دەکات لە خەباتیدا بۆ ژیانێکی ئازاد کە تێیدا بتوانن زمان و کولتووری خۆیان بەکاربهێنن، چ لە ناوچە کوردییەکان و چ لە نەرویج. گرنگە کەسانی فرەزمان دەرفەتی پەرەپێدانی زمانی دایکیان هەبێت لە تەواوی ماوەی خوێندنیاندا، بە قوتابخانەکانی نەرویجیشەوە. بۆ کورد، ئەمە بەتایبەتی گرنگە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمان و کولتووری کوردی بە درێژایی مێژوو سەرکوت کراوە.
رووداو: پارتەکەتان چۆن دەڕوانێتە دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەکانی کورد (ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری عێراق و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا)؟ بەڕای ئێوە، ئایا حکومەتێکی داهاتووی نەرویج دەبێت هاوکاریی ئەم دەسەڵاتانە بکات؟
ماری سنێڤێ مارتینوسن: پارتی سوور دەیەوێت نەرویج دان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (DAANES) بنێت و هاوکارییان بکات، لەوانەش گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە نەرویجییانەی لە کامپ و زیندانەکاندا دەستبەسەرن و هەروەها پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوە بکات. ئەمە ساتەوەختێکی چارەنووسسازە لە سووریا، کە تێیدا پشتیوانیکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری زۆر گرنگە. هەروەها پارتی سوور کار بۆ ئەوە دەکات کە نەرویج گوشار لەسەر تورکیا دروست بکات بۆ راگرتنی لکاندنی ناوچە کوردییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا وەک عەفرین، داوای کشانەوەی سەربازیی تەواو لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکەین. دەبێت تورکیا هێرشکردنە سەر ئامانجە کوردییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و باکووری عێراق رابگرێت. پارتی سوور هاوکاریی هەموو هێزە دیموکراتی و پێشکەوتنخوازەکان دەکات کە دژی داگیرکاری و ستەم لە کوردستان خەبات دەکەن. ئێمە پشتگیری لە بەهێزکردنی پێگەی فیدراڵیی کورد لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) دەکەین و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەدەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ