نەزۆکی نامێنێت؟ تائێستا 20 منداڵ بەهۆی رۆبۆت و ژیریی دەستکردەوە لەدایک بوون

08-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە یەکێک لە کلینیکە پێشکەوتووەکانی مەکسیک، داهێنانێکی نوێی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) کاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەی زاوزێ داناوە، بە جۆرێک کە تائێستا لانیکەم 20 منداڵی تەندروست بە بەکارهێنانی رۆبۆت و کەمترین دەستوەردانی مرۆڤ هاتوونەتە ژیانەوە.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکی ورددا ئاشکرای کردووە کە ئەم سیستمە نوێیە بە ناوی "ئاورا (Aura)" لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و بەڕێوەبردنی زیاتر لە 200 قۆناخ لە پێش پرۆسەی پیتاندنی دەستکردی (IVF) دەگرێتە ئەستۆ، لە قۆناخی هەڵبژاردنی سپێرمەوە تاوەکو پیتاندنی هێلکە.
 
لادان لە شێوازی نەریتی و وردبینی رۆبۆتی
 
سیستمەکە لەلایەن د. ئەلێخاندرۆ چاڤێز بادیۆلا، پزیشک و پسپۆڕی مەکسیکی، سەرپەرشتی دەکرێت و کۆمپانیای ئەمریکی "Conceivable Life Sciences" پشتیوانی دەکات. شارەزایانی تەندروستی ئەم رێگە نوێیە بە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بواری منداڵبووندا دەبینن.
 
جیاواز لە پرۆسەی نەریتی IVF کە لە ساڵی 1978ـەوە دەستی پێکردووە و وەک پرۆسەیەکی سنووردار و گرانبەها ماوەتەوە، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بە ئامانجی فراوانکردنی توانای چارەسەرکردنی نەزۆکی بۆ کۆمەڵگە جیاجیاکان دێت.
 
رۆبۆت و ژیریی دەستکرد (AI) کارەکانی تاقیگە کە بۆ مرۆڤ زۆر سەختن یان لە توانای مرۆڤ زیاترن، دەکەنە خۆکار (ئۆتۆماتیک). ئەمەش لە رێگەی بینینی کۆمپیوتەرییەوە بۆ هەڵبژاردنی تەندروستترین سپێرم و پاشان بە وردبینیی قۆڵی رۆبۆتییەوە بۆ پیتاندنی هێلکەکان، ئەمەش وردبینیی پرۆسەکە زیاد دەکات و ماندوێتی و هەڵەی مرۆیی کەم دەکاتەوە.
 
نیگەرانییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان
 
سەرەڕای پێشکەوتنە زانستییەکە، واشنتن پۆست ئاماژە بە چەندین نیگەرانیی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و پیشەیی دەکات کە لەگەڵ ئەم داهێنانەدا سەریان هەڵداوە.
 
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە پشتبەستن بە رۆبۆت بۆ دروستکردنی منداڵ مەترسی ئەوەی هەیە کە پرۆسەی زاوزێ بکاتە پرۆسەیەکی بازرگانیی و منداڵەکان بکاتە بەرهەمی ئەلگۆریزمەکان نەک پرۆسەیەکی سروشتی. هەروەها، نیگەرانیی لەسەر شەفافیەت هەیە، بەوەی ئەم سیستمە زیرەکە دەکرێت ببێتە "سندووقی رەش" و دایک و باوکان بە تەواوی لە بڕیارەکانی هەڵبژاردنی کۆرپەلە تێنەگەن.
 
پرسی لێپرسینەوە یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانە، بەوەی ئەگەر رۆبۆت یان ژیریی دەستکرد هەڵەیەک بکەن، دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرسیار زۆر سەخت دەبێت. لە کۆتاییدا، وەک پرۆسەی IVF، مەترسی دروستبوونی نایەکسانیی زیاتر هەیە، چونکە رەنگە سەرەتا تەنیا دەوڵەمەندەکان بتوانن سوود لەم تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتووە وەربگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە