رووداو دیجیتاڵ
لە دوای نزیکەی دوو ساڵ دابڕان، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی تاوتوێی گەڕانەوەی بۆ نێو بواری بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە عێراق دەکات، ئەمەش لەرێگەی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک تایبەت بە گەڕان و پشکنین بۆ نەوت لە کێڵگەی گەورەی مەجنون لە پارێزگەی بەسرە لە باشووری عێراق.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن مۆبیل کە یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە گەورەکانی بواری نەوتی جیهان و بارەگەی سەرەکی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا پلانی هەیە یاداشتێکی لێکگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) واژۆ بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، ئەم رێککەوتنە، تایبەت دەبێت لەسەر پەرەپێدان، بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتە لە باشووری عێراق.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێکسۆن مۆبیل لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە گفتوگۆدایە، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ باشترکردنی کارەکانمان."
ئێکسۆن مۆبیل یەکێک بووە لە کۆمپانیا یەکەمانەی وڵاتانی رۆژئاوا کە بەمەبەستی گەڕان و پشکنینی نەوت لە ساڵی 2010 رێگەی پێدرا بێتە عێراقەوە.
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و لە هەوڵدایە بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی پیشەسازی وزەی خۆی دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و ململانێ.
بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2024، کاری وەبەرهێنانی سەرەکی خۆی لە کێڵگەی نەوتی قورنەی رۆژئاوا یەک لە باشووری عێراق بکشێتەوە، ئەمەش بەهۆی مەرجەکانی گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق و سنووردارکردنی تواناکانیان و بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسیی لە وڵاتەکە.
کێڵگەی نەوتی مەجنون لە باشووری عێراق، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکە و ماوەیەکی زۆرە سەرنجی گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانی لەوبوارەدا راکێشاوە، بەڵام گرێبەستە زەحمەتەکانی بەغدا زۆر جار سەرچاوەی ناکۆکی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و دەسەڵاتدارانی عێراق بووە، ناکۆکییەک کە بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیای شێڵ پڵسی هۆڵەندی لە ساڵی 2017 کێڵگەکە جێبهێڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەرەتادا پێویستە کۆمپانیای ئێکسۆن زنجیرەیەک توێژینەوەی بازرگانی و تەکنیکی تەواو بکات و رێککەوتننامەیەکی دابەشکردنی بەرهەم واژۆ بکات پێش ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە دەستپێبکات کە ئەم پڕۆسەیەش رەنگە چەند ساڵێک بخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ