رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانیی شیکاگۆ و حاکمی ویلایەتی ئیلینۆی کرد. ئەمەش بەهۆی ئەوەی سەرکردە دیموکراتەکانی ئەوێ، لە دژی ناردنی پاسەوانیی نیشتمانی و ئەفسەرانی دەزگەی کۆچ و گومرگن.
رۆژی چوارشەممە 08-10-2025، ترەمپی کۆماری لە ترووس سۆشیاڵ، تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی نووسی: "لەبەر شکستیهێنانی لە پاراستنی ئەفسەرانی (ئایس)، دەبێت سەرۆکی شارەوانیی شیکاگۆ لە زینداندا بێت. حاکم پریتزکەریش بە هەمانشێوە."
براندن جۆنسن، سەرۆکشارەوانیی شاری شیکاگۆیە و جەی بی پریتزکەر، حاکمی ویلایەتی ئیلینۆیە و هەردووکیان سەر بە پارتی دیموکراتی ئەمریکان. ئەوان دژایەتیی فەرمانی ترەمپ دەکەن بۆ ئەوەی ئەفسەرانی دەزگەی کۆچ و گومرگ (ICE) هەڵمەتی تووندی هەڵکوتانەسەر پەناخوازەکان بکەن.
حکومەتەکەی ترەمپ ئەو شارانەی کردووەتە ئامانج کە دیموکراتەکان بەڕێوەی دەبەن و زۆرجار هەڵمەتەکان لەلایەن ئەفسەرانی دەمامکدار و جلوبەرگی مەدەنییەوە دەکرێن. ئەمەش جێبەجێکردنی بەڵێنێکی سەرەکیی ترەمپە لە کاتی سەرکەوتنەکەیدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024، کە تێیدا ئەمریکای وەک وڵاتێک وەسف کرد، کە لەژێر هێرشی شەپۆلی "تاوانکارانی" بیانی دایە.
نەیاران هەڵمەتەکانی ئایس و بڵاوەپێکردنی سەربازی بە هەوڵێکی ترەمپ دەزانن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوانە و دروستکردنی ئاژاوە.
دژایەتییەکی تووند لە شیکاگۆ هەیە، کە قەڵایەکی دیموکراتەکانە. درەنگی شەوی سێشەممە 200 سەربازی گاردی نیشتمانی لە تێکساسەوە گەیشتنە شارەکە ئەمەش ناڕەزایەتیی سەرکردەکانی شارەکەی لێکەوتەوە.
جۆنسن "ناوچەیەکی بێ ئایس"ـی راگەیاندووە و کۆمارییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیانەوێت "شەڕی ناوخۆ دووبارە بکەنەوە."
جەی بی پریتزکەر، کە وەک بەربژێرێکی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 سەیر دەکرێت، بووەتە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە سەرسەختەکانی ترەمپ و رایگەیاندووە، دەیەوێت داواکارانی گشتی لێکۆڵینەوە لە یاساییبوونی چالاکییەکانی ئایس لە شیکاگۆ بکەن.
لەسەر ناردنی هێزەکان، بۆبی دەی، فەرماندەی پۆلیس لە شیکاگۆ گوتی: "من لە گۆشەیەکی مێژووییەوە تەماشای ئەم بابەتە دەکەم. سەرۆکی ئەمریکا کەی دەتوانێت هێزێكی فیدراڵی بنێرێت بۆ نێو ویلایەتەکان؟ هیچ شتێک ئەمنی و مەترسیدار رووی نەداوە کە سەرۆک ترەمپ بتوانێت لەوچوارچێوەیەدا دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت."
بڕگەی 2ـی دەستووری ئەمریکا، سەرۆکی وڵات بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێناسە دەکات.
یاسای یاخیبوون-ی ساڵی 1807 بە پشت بەستن بە بڕگەی 4ی دەستوور، ماف بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات هێزی فیدراڵی بنێرێتە ویلایەتەکان، ئەگەر هات و یاخیبوونێكی گەورە یان جەنگی نێوخۆیی و یان هەر رووداو و کارەساتێكی سرووشتی گەورە رووی دابێت کە هەڕەشە لە ژیانی خەڵک بکات و هێزەکانی خودی ویلایەتەکە نەتوانن کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێننەوە.
لە دوای واشنتنی پایتەخت و لۆس ئەنجلسی کالیفۆرنیا، شیکاگۆ دەبێتە سێیەمین شار کە ترەمپ هێزی فیدراڵی بۆ دەنێرێت.
پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگنیش لە ریزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ