داخستنی حکومەتی ئەمریکا قەیرانی فڕۆکەخانەکان قوڵتر دەکاتەوە و هەزاران گەشت دواخران

08-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نیگەرانییەکان لەبارەی دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و دواکەوتنی مووچە بەهۆی داخستنی حکومەتی ئەمریکاوە تادێت زیاتر دەبن، لە کاتێکدا سیناتۆرەکان هەوڵێکی دیکەیان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە رەتکردەوە. لەلایەکی دیکە، دیموکراتەکان بۆ شەشەمین جار دەنگیان دا بۆ رێگریی لە پێشنیازێکی کۆمارییەکان بۆ کردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەت.
 
لەگەڵ چوونە نێو هەشتەمین رۆژی داخستنەکەوە، پێشبینی دەکرێت قەرەباڵخی لە فڕۆکەخانەکاندا زیاد بکات، ئەمەش بەهۆی ئامادەنەبوونی کارمەندانی زیاتری ئاسایش و سەلامەتی لە هەندێک لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەدا.
 
کۆنترۆڵکارانی هاتووچۆی ئاسمانی، کە وەک فەرمانبەری "پێویست" سەیر دەکرێن، لە کاتی داخستنی حکومەتدا لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە، بەڵام ژمارەیەکی زیاتریان لەبری کارکردن بەبێ مووچە، مۆڵەتی نەخۆشی وەردەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارمەندان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) رایگەیاندووە، کێشەی کارمەندان لە نزیکەی 12 فڕۆکەخانەدا هەیە لە شیکاگۆ و بۆستنەوە تاوەکو بێربانک و هیوستن.
 
"پێشینەی ئێمە سەلامەتییە"
 
شۆن دافی، وەزیری گواستنەوە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "کەمێک" زیادبوون لە وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی لەلایەن کۆنترۆڵکارانی هاتووچۆی ئاسمانییەوە هەبووە. گوتیشی: "نامەوێت گەشتەکەت دوا بکەوێت، نامەوێت هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام پێشینەی ئێمە سەلامەتییە. بۆیە ئەگەر مۆڵەتی نەخۆشیی زیاترمان هەبێت، هاتووچۆ کەم دەکەینەوە بە رێژەیەک کە بۆ گەلی ئەمریکا سەلامەت بێت."
 
چاودێریی فڕۆکەوانیی FlightAware رایگەیاندووە، نزیکەی 10,000 گەشت لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا دواخراون.
 
مووچە لە مەترسیدایە
 
هیوایەکی کەم هەیە بۆ کۆتاییهاتنی خێرای داخستنەکە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان سوورن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ درێژکردنەوەی یارمەتییەکانی چاودێریی تەندروستی. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشەی دەرکردنی هەمیشەیی ئەو 750 هەزار کارمەندەی بەهۆی داخستنەوە دەچنەوە ماڵەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی کۆشکی سپی، کارمەندانی مۆڵەتپێدراو گەرەنتیی قەرەبووکردنەوەیان بۆ کاتە لەدەستچووەکانیان نییە، واتا رەنگە زۆربەیان پارە وەرنەگرن.
 
گوشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە زیاد دەکەن، چونکە هەندێک فەرمانبەری فیدراڵی، لەنێویاندا پۆلیسی کۆنگرێس، بڕیارە رۆژی هەینی بۆ یەکەمجار بەشێک لە مووچەکانیان وەرنەگرن. 
 
خاڵێکی ئازاربەخشی گەورەتر رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دێت، کاتێک 1.3 ملیۆن ئەندامی سەربازیی چالاک، لەگەڵ دەیان هەزار ئەندامی گاردی نیشتمانی و هەزاران کارمەندی پاسەوانی کەناراوەکان، یەکەم مووچەیان لەدەست دەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە