رووداو دیجیتاڵ
سی ئێن ئێن لە زاری کەسە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا داوای لە هاوژینەکەی کردووە دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بنێت و شکستەکەی لەو کێبڕکێیەدا قبووڵ بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە جۆ بایدنی رکابەری دۆڕا، بەڵام ترەمپ تاوەکو ئێستا رەتیدەکاتەوە دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا بنێت و لە تازەترین تویتیدا دەڵێت، "هەڵبژاردنەکە دزراوە"، بۆیە تاوەکو ئێستا قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە جێگەی پرسیارە.
داواکەی مێلانیا ترەمپ دوای ئەوە دێت کە پێشووتریش جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی و زاوای ترەمپ، بە هەمان شێوە داوای لە بەربژێرە کۆمارییەکە کردبوو دان بە شکستەکەیدا بنێت.
باس لەوەش دەکرێت کە چەند کەسێکی دیکەی ناو تیمەکەی ترەمپ هەمان داوایان لە ترەمپ کردبێت، بەڵام ئەو تاوەکو ئێستاش هەر رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، لە هەڵبژاردنەکەدا ساختەکاری کراوە.
رۆژی 3ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، دوای چوار رۆژ لە بەڕێوەچوونی، رۆژی 7ی تشرینی دووەم ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەنجامەکان جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا و کامڵا هاریس وەکو جێگری هەڵبژێردراون. دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکیدا پرسیار دەکات، "لەکەیەوە میدیا دیاری دەکات سەرۆکی داهاتوو کێیە؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ