جیهان
مێلانیا چاوەڕێی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپە، بۆ ئەوەی جیابوونەوەکەی رابگەیێنێت. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، بەنیازە داوای جیابوونەوە لە دۆناڵد ترەمپ بکات، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی هاوژینەکەی لە کۆشکی سپی.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، هەواڵ هەیە کە مێلانیا گریاوە کاتێک ساڵی 2016 سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ئاشکراکراوە، باوەڕی بەوە نەکردووە، هاوژینەکەی ببێتە سەرۆکی وڵات. چونکە پێشتر نیازی جیابوونەوەی لە ترەمپ هەبووە و بەهۆی بوونی ترەمپەوە بەسەرۆک، نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە بنێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، مێلانیا ماوەی پێنج مانگ خاوەخاوی کردووە، لە گواستنەوە لە نیویۆرکەوە بۆ واشنتن و نیشتەجێبوون لە نێو کۆشکی سپیدا لەپاڵ هاوژینەکەی، ئەمەش بەبیانووی تەواونەکردنی خوێندنی ساڵانەی بارۆنی کوڕیان.
بەڵام ستیڤانی ولکۆڤ، راوێژکاری پێشووی مێلانیا گوتوویەتی، خانمی یەکەم ئەوکات لە دانوستاندندا بوو بۆ رێکەوتن لەگەڵ هاوژینەکەی، لەپێناو دەستەبەرکردنی بەدەستهێنانی پشکێکی هاوبەشی میراتەکەی ترەمپ بۆ بارۆن، هاوشێوەی ئەو پشکەی بە منداڵەکەی دیکەی ترەمپ دەدرێت، کە لە دوو هاوژینەکەی پێشووی ئەون.
مێلانیا سێیەم هاوژینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە.
راوێژکارەکەی مێلانیا دەڵێت دۆناڵد و مێلانیا دوو ژووری نووستنی جیاوازیان لە نێو کۆشکی سپیدا هەیە و پێکەوە ناخەون، ئەوان بەکردەنی لەیەکدی جیا بوونەتەوە.
لەلای خۆیەوە، ئۆمارۆسا مانیگۆلت نیومان، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، دەڵێت هاوسەرگیریی نێوان دۆناڵد و مێلانیا لە دوای 15 ساڵ، کۆتاییهاتووە، ئەو ئاشکرایکردووە: "مێلانیا سات بەسات دەژمێرێت بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هاوژینەکەی لە کۆشکی سپی تەواو ببێت، تاوەکو داوای جیابوونەوەی خۆی لە ترەمپ ئاشکرا بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ