رووداو دیجیتاڵ
لە سێ مانگی رابردوودا 540 تاوانی دژەجوو لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تۆمارکراون.
رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، نیکۆلاس لێلێ لە دامەزراوەی ئامادۆ ئەنتۆنیۆ کە رێکخراوێکی ناحکومیی دژە رەگەزپەرستییە لە بەرلین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا کاری پێویستمان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڵمەتەی دژی جوو دەکرێت؟ وابزانم وەڵامە راستەکە نەخێرە. وەک کۆمەڵگەیەکی شارستانی، ئەرکی ئێمەیە شانبەشانی جووەکان بووەستین".
نیکۆلاس لێلێ ئاماژەی بەوەش کرد، "دژە جوویی بەردەوام بێت، ئەوا کۆمەڵکوژی جووەکان ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە".
قسەکانی لێلێ لە راپۆرتێکەوە سەرچاوە دەگرن کە دامەزراوەکەی بڵاویکردووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە سێ مانگی رابردوودا 540 تاوان دژی جووەکان لە ئەڵمانیا لەلایەن پۆلیسەوە تۆمارکراون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، 14 لەو تاوانانە تووندوتیژی بوون و 44یان پڕوپاگەندە بوون؛ هەروەها 450 لەو تاوانانە لەلایەن کەسانی راستڕۆوە کراون.
هەمان رۆژ، نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا داوای لە خەڵک کرد دژی "دژەجوویی" بووەستنەوە و رایگەیاند، "دەبێت دڵنیایی بدەینە جووەکان کە ساڵی 2023 ساڵی 1938 نییە. ئەوە جگە لە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، ئەرکی مرۆڤایەتی و یەکگرتوویی ئێمەیە".
رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە 2 هەزار سکاڵا و کەیسی تاوانکاریی پەیوەندیدار بە شەڕەکەی ئیسرائیل تۆمارکراون".
لێڤی سالۆمۆن، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، 25 ساڵە بەڵگەی دژەجوویی لە درووشمی خۆپیشاندانەکاندا کۆدەکاتەوە. لێڤی رۆژی سێشەممە گوتی، "7ی ئۆکتۆبەر بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دژەجووی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە".
سالۆمۆن لەبارەی درووشمی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا کە بۆ پاڵپشتیی فەلەستینییەکان بەڕێوەچوو، گوتی، "درووشمی زۆر جیاوازم بەرچاو و بەر گوێ کەوتووە. کاتێک لایەنگرانی فەلەستین کۆدەبنەوە درووشمی دژە جوویی زۆر دەبیندرێن".
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد، "جووەکان بپارێزن. هەرکەسێک هێرشبکاتە سەر جووەکان، هێرشی کردووەتە سەر ئێمە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ