ئەمریکا: ئێران پیلانی کوشتنی باڵیۆزی ئیسرائیلی لە مەکسیک هەبووە

08-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، یەکەیەکی سەربازیی تایبەت و نهێنیی ئێران پیلانی کوشتنی باڵیۆزی ئیسرائیلیان لە مەکسیک داڕشتووە، بەڵام پیلانەکە پووچەڵ کراوەتەوە و ئێرانیش ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
 
ئەو بەرپرسە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، ئەو پیلانە لەلایەن هێزێکی تایبەتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە داڕێژراوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە و تاوەکو نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ پیلانەکە هەر کارا بووە، بەڵام دواتر پیلانەکە ئاشکرا بووە و پووچەڵ کراوەتەوە و هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ئەو باڵیۆزەی ئیسرائیل نەماوە.
 
بەڵام لەدوای ئەو راپۆرتانە، راستەوخۆ ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "داهێنانی میدیایی و درۆیەکی گەورە" ناوی برد، تەنیا ئامانجیش لەو راپۆرتانە بە "تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ مەکسیک" ناودەبات.
 
باڵیۆزخانەی ئێران لە مەکسیک لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، لەبارەی ئەو راپۆرتانە و لێدوانی بەرپرسە ئەمریکییەکە، نووسیویەتی، "ئاسایش و نێوبانگی مەکسیک بۆ ئێمە هەر وەکو ئاسایش و نێوبانگی ئێران وایە، هەرگیز خیانەت لەو متمانەیە ناکەین کە حکومەتی مەکسیک پێی داوین."
 
دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سوپاسی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی مەکسیکی کرد بۆ پووچەڵ کردنەوەی "تۆڕێکی تیرۆریستیی ئێران، کە هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە مەکسیک داوە و پیلانی کوشتنی عینات کرانز نایگەر-ی باڵیۆزی داوە."
 
عینات کرانز نایگەر لە مانگی ئابی 2023وە بووەتە باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە، دەسەڵاتدارانی مەکسیک رەتیانکردەوە هیچ پیلانێکی لەو جۆرەیان ئاشکرا کردبێت، لەسەر پیلانی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و کوشتنی باڵیۆزی ئیسرائیل.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە کارکردن بە هاوکاریکردنی تەواوی دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستیی ئێران و بریکارەکانی لە دژی دامەزراوەکانی ئیسرائیل و جووەکان لە جیهان دا."
 
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، ئیسرائیل ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی خەریکی پیلاندانانە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئیسرائیلی و جووەکان لە وڵاتانی دیکە.
 
لە مانگی ئابی رابردوودا، حکومەتی ئوسترالیا باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد، پاش ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، ئێران لەپشت دوو هێرشی دژە جووەکانی ئوسترالیاوە بووە. لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، حکومەتەکەی سوپای پاسدارانی ئێران، وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت.
 
ئەم تۆمەتبارکردنە نوێیەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، لە کاتێکدایە لە چەند ساڵی رابردوودا واشنتن کاربەدەستانی تارانی تۆمەتبار کردووە بەوەی پیلانی کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکییان هەبووە، بەتایبەت لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە کانوونی دووەمی 2020 لە بەغدا.
 
ساڵی رابردووش میدیای ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئێران پیلانی کوشتنی هەریەک لە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکای هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە