رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری دا بڵاوکردنەوەی هێزەکانی گاردی نیشتمانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆن "نایاساییە" و فەرمانی کرد، بە شێوەیەکی هەمیشەیی رێگریی لێبکرێت. ئەم بڕیارە بە شکستێکی یاسایی گەورە بۆ هەوڵەکانی ترەمپ دادەنرێت، کە دەیەوێت هێزی سەربازی لە شارەکانی وڵاتدا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بەکاربهێنێت.
سەرۆکە کۆمارییەکە، لە ئەمساڵدا گاردی نیشتمانی رەوانەی سێ شاری ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکان کردووە، کە بریتین لە لۆس ئەنجلس، واشنتنی پایتەخت و مێمفیس، بەڵام هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی سەرباز لە پۆرتلاند و شیکاگۆ رووبەڕووی رێگریی یاسایی بوونەتەوە.
ترەمپ، بۆ ئەوەی پاساو بۆ ناردنی هێز بهێنێتەوە، چەندین جار شاری ئۆریگۆنی بە "ناوچەی جەنگ" و شوێنێکی پڕ لە تاوانی تووندوتیژ وەسفکردووە و رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نییە.
بەڵام دادوەر کارین ئیمێرگوت، کە لەلایەن خودی ترەمپەوە دەستنیشانکراوە، ئەو بانگەشەی ئیدارەکەی رەتکردەوە کە گوایە خۆپیشاندانەکان دژی هەڵمەتێکی بەردەوامی سەرکوتکردنی کۆچبەران گەیشتووەتە ئاستی "یاخیبوونێک" کە پاساو بێت بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی گاردی نیشتمانی لە ئۆریگۆن.
ئیمێرگوت، لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی: "فیدراڵیکردنی نایاسایی گاردی نیشتمانی لەلایەن سەرۆکەوە، پێشێلکارییەکی روونی هەمواری دەیەمی دەستوورە، کە جەخت دەکاتەوە لەوەی هەر دەسەڵاتێک کە بە روونی لە دەستووردا بە حکومەتی فیدراڵی نەسپێردرابێت بۆ ویلایەتەکان دەهێڵدرێتەوە."
ئەو دادوەرە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گاردی نیشتمانیی هەر ویلایەتێک بۆ ئۆریگۆن، ئەم فەرمانی قەدەخەکردنە هەمیشەییە بە تەواوی کاری پێدەکرێت." بڕیارەکە جێگەی فەرمانە کاتییەکەی پێشووتری ئیمێرگوتی گرتەوە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەکی کاتی رێگری لە بڵاوکردنەوەکە بۆ پۆرتلاند کردبوو.
دەسەڵاتداران لە کالیفۆرنیا، کە بە تووندی دژی فیدراڵیکردنی هێزەکانی گاردی نیشتمانیی خۆیان بوون بۆ ناردنیان بۆ ئۆریگۆن، پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد. ئەوان بڕیارەکەیان بە "سەرکەوتنێک بۆ سەروەریی یاسا" وەسف کرد.
رۆب بۆنتا، داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "جارێکی دیکە، دادگایەک بە تووندی ئەو دیدگا بە سەربازیکراوەی سەرۆکی بۆ داهاتووی ئەمریکا رەتکردەوە."
خۆپیشاندانەکان کە بەهۆی زیادبوونی هەڵکوتانە سەر کۆچبەران لە سەرانسەری وڵاتدا سەریانهەڵداوە، بوونەتە هۆی نائارامی لە بەشێک لە ناوچەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ گوشاری بۆ جێبەجێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی دەرکردنی کۆچبەران کردووە، کە خاڵێکی سەرەکیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024ی بوو.
بەڵام ئیمێرگوت نووسیویەتی هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر بوونی تووندوتیژیی بەرفراوان، زیانی گەورە بە موڵک و ماڵی گشتی، یان کردەوەی خۆپیشاندەران کە رێگر بووبن لە ئەفسەرانی دەزگای کۆچ و گومرگ (ICE) لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.
ئیدارەی ترەمپ مافی ئەوەی هەیە تانە لە بڕیارەکەی رۆژی هەینی بدات و چاوەڕوان دەکرێت کەیسەکە لە کۆتاییدا بگاتە بەردەم دادگای باڵای ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ