رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت یان دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یان پەرلەمانی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە شێواز و رێکاری جۆراوجۆر پەیڕەو دەکرێت، بە تەیبەت لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە و بەهۆی چەند تایبەتمەندییەک، دەنگدەران چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی گشتی دەتوانن دەنگ بدەن.
بە گشتی دەنگدانی تایبەت زیاتر بۆ ئەو کەس و لایەنانەیە بەهۆی بارودۆخێکی دیاریکراو یان هەبوونی ئەرکێکی تایبەت لە وڵاتدا، ناتوانن لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگ بدەن.
دەنگدانی پێشوەخت
رێگە بە دەنگدەران دەدات لە رۆژی ێش هەڵبژاردنی گشتیی دەنگ بدەن، لە هەندێک وڵاتدا بۆ هەموو دەنگدەران بەردەستە وەکو وڵاتانی: کەنەدا، کۆڵۆمبیا، چەندین ویلایەتی ئەمریکا، و وڵاتانی باکووری ئەورووپا.
لە زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەمریکا پرۆسەی هەڵبژاردن گشتیی چەند هەفتەیەک پێش رۆژی دیاریکراو بۆ دەنگدان دەستپێدەکات، دەنگدەران دەبێت پێشوەختە خۆیان تۆمار بکەن، دواتر لەڕێگەی ئینتەرنێت، یان بە ناردنی پۆستە دەنگ دەدەن، یان لە رۆژی دیاریکراودا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن.
دەنگدانی پێش وەخت یان تایبەت لە هەندێک وڵاتی دیکە تەنیا بۆ گرووپێکی دیاریکراو بەردەستە، وەک: هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، یان ئاوارەکان، وەکو ئەوەی لە عێراق هەیە.
دەنگدانی نائامادەیی
ئەم رێکارە رێگە بە دەنگدەر دەدات لەڕێگەی پۆستەوە دەنگ بدات، ئەم رێکارە بەتایبەتی بۆ هاووڵاتییانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، یان ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەن، یان بەهۆی نەخۆشی ناتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان پەیڕەو دەکرێت.
تورکیا
بۆ هەڵبژاردنی گشتی 'سەرۆکایەتی و پەرلەمان'ـی تورکیا زیاتر لە دوو هەفتە پێش دەنگدانی گشتی، پرۆسەی دەنگدان بۆ هاووڵاتییان نیشتەجێی دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت، تاوەکو رۆژی دەنگدانی گشتی لە نێوخۆی وڵات، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بارەگا و کۆنسووڵخانە و دەروازە سنوورییەکان بەردەوام دەبێت، لە رۆژی دەنگدانی گشتیش لە سەرانسەری وڵات پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و لە هەمان رۆژ کۆتایی دێت.
هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی جیهان جۆرێک لە رێکخستنی دەنگدانی تایبەت وەک دەنگدانی پێشوەخت، پۆست، یان دەنگدان لە دەرەوەی وڵاتیان هەیە، بەڵام نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتانی جیهان هیچ جۆرە رکخستنێکی دەنگدانی تایبەتیان بۆ دەنگدەرانی نێوخۆی وڵات نییە، واتە دەبێت دەنگدەر لەرۆژی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردن، لە بنکەی دەنگدانی خۆی ئامادە بێت.
بۆ نموونە، هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا پڕۆسەی دەنگدانی پێشوەختەیان تێدا نییە، هاوکات وڵاتانی وەک ئەرجەنتین، ئەرمینیا، ئەلبانیا، بەحرەین و بەنگلادیش تا ئێستا رێکخستنی دەنگدانی تایبەت یان پێشوەختەیان بۆ دەنگدەران نییە.
بە شێوەیەکی گشتی، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت یان پێشوەخت لە هەر وڵاتێک بە جۆرێکە و دەشێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و تایبەتمەندی سیاسی و جوگرافی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ