حکومەتەکانی ئەورووپا دەیانەوێت کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بنێرنەوە

08-11-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەورووپا دەنگی ناردنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەرزبووەتەوە. فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە راشکاوی دەڵێت، دەبێت ئەو کۆچبەرانە بنێردرێنەوە کە بڕیاری ناردنەوەیان دراوە؛ بۆیەش لە سەردانی هەفتەی داهاتووی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ بەرلین، ئەم مژارە باس دەکرێت.
 
ئەم هەفتەیە یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە لێدوانێکی لەسەر زەحمەتبوونی ناردنەوەی هاووڵاتییانی سووریا، هەرایەکی گەورەی لەنێو میدیای ئەڵمانیا و حکومەتەکەی خۆیشیدا نایەوە. ئەو کە سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە بە رێبەرایەتیی مێرتز، چووبووە سووریا و هەندێک ناوچەی بینیبوو، کە زۆر وێران ببوو؛ بۆیەش پێیوابوو زەحمەتە خەڵک بتوانن لە شوێنێکی وا ژیانێکی شایستەیان هەبێت.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی دیکە وەڵامی خێرایان هەبوو و گوتیان، دەبێت ناردنەوەی کۆچبەرانی سووریا جێبەجێ بکرێت. هەر ئەم هەفتەیەش دادگایەکی دوسەلدرۆف بڕیاریدا ناردنەوەی هاووڵاتییانی سووریا (بە هەندێک مەرجەوە) دەکرێت جێبەجێ بکرێت. دادگاکە حوکمی لەسەر دۆسێی پەنابەریی پیاوێکی سووریی 46 ساڵ و کوڕە 26 ساڵەکەی دا. بەپێی حوکمەکە ناوچەکانی دیمەشق و لازقیە هێندە مەترسیدار نین کە نەکرێت کۆچبەرانیان بۆ بنێردرێتەوە.
 
پێشتریش لە ئەیلوولی ئەم ساڵ دادگایەکی شاری کوێلن لەسەر دۆسێی کۆچبەرێکی رۆژئاوای کوردستان، کە خەڵکی پارێزگای حەسەکە بوو، بڕیارێکی هاوشێوەی دابوو. لە لایەکی دیکەوە دانیمارک دەیەوێت بە سیاسەتێکی جیاواز لە ئەڵمانیا کۆچبەرانی رۆژئاوا و سووریا بنێرێتەوە؛ ئەویش بەوەی کە بڕە پارەیەکیان بداتێ کە هێندە زۆر بێت بتوانن لە وڵاتی خۆیان ژیانێکی نوێی پێ دەستپێبکەنەوە.
 
هەر لەم بارەیەوە لە دانیمارک دەنیز سرنجی، رۆژنامەڤان و نووسەری کوردستانی و دانیمارکی میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، حکومەتە ئەورووپییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ وڵاتەکەیان، ئەم پرسە بووەتە بابەتێکی گەرمی جێگەی مشتومڕ لە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت لە دانیمارک. لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، پارتە دانیمارکییەکان داوای گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری و رۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەتایبەت دوای راگەیاندنی ئاسایشی هەندێک ناوچە لە سووریا، پارتەکان پێیانوایە دەبێت ئەم پەنابەرانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی بکەن، بەڵام ئەم سیاسەتە وەک دەردەکەوێت ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی دانیمارک.
 

 
بە گوتەی سرنجی، لە دانیمارک نزیکەی 45 هەزار پەنابەری سووری هەن، لەنێو ئەم ژمارەیەدا، دەوروبەری 5000 کەسیان کوردن، هەندێک پێیانوایە ژمارەی کورد زیاترە، بەڵام سرنجی پێیوایە ژمارەکە کەمترە. ئەم ژمارە زۆرەی پەنابەران، چ کورد بن یان عەرەب، وای کردووە دانیمارک تووشی گوشارێکی زۆر ببێت لە پرسی یەکخستن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان.
 
دەنیز سرنجی باسی "هەشت بەشی چوار"ی یاسای پێکەوەژیانی دانیمارکی کرد، کە وای لە پەنابەران کردووە بە شێوەیەکی کاریگەرتر لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ ببن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەش، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی بەرزن، تووشی بێکاری بوون و نەیانتوانیوە کارێکی شیاو بدۆزنەوە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە کوردە روونیکردەوە کە سیاسەتی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سووریا، چەندە لە ئاستی قسەدا باسی لێوە دەکرێت، ئەوەندە لە واقیعدا جێبەجێ ناکرێت، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەڕێندراونەتەوە زۆر کەمە و ئەو ژمارەیەی کە باس دەکرێت 27 هەزار، راست نییە. پارتە دانیمارکییەکان زیاتر قسە لەسەر گەڕانەوە دەکەن، بەڵام لە کردەییدا رێگریی زۆر هەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم پلانە.
 
دەنیز باسی رۆڵی کوردی رۆژئاوای کوردستانی کرد لە دانیمارک و بەراوردی کردن بە کوردی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا کوردی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا رۆڵێکی کاریگەر و چالاکیان هەیە لە بواری سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا و بە باشی تێکەڵ بوون، لە دانیمارک دۆخەکە جیاوازترە.
 
دەنیز گوتیشی، "بەگشتی دۆخی کوردی سووریا لە دانیمارک جیاوازە، بەشێکی زۆری گەنجەکان سەرکەوتوو بوون لە خوێندن و کاردا، بەڵام بەشێکی تریان تووشی بێکاری بوون و هێشتا نەگەیشتوون بە ئاستی باوی پێکەوەژیان، ئەم پرسە پێویستی بە هەوڵێکی زیاترە لەلایەن حکومەتی دانیمارک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ یەکخستنی باشتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پەنابەران."
 
لە ئەڵمانیاش گەنگەشەیەکی گەرم لەنێو حکومەت و رای گشتیدا لەسەر مژاری ناردنەوەی کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دروستبووە.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، شەڕ لە سووریا کۆتایی هاتووە، سەرۆکی سووریای بانگهێشتی ئەڵمانیا کردووە و پرسی دانوستاندن لەگەڵ فەرمانڕەوای شام لە بەرلین، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە.
 
فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "سەرەتا ئەو کەسانە دیپۆرت دەکەینەوە سووریا کە تاوانیان کردووە؛ ئەمە پلان بۆ داڕێژراوە، ئێمە ئەمە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی جێبەجێ دەکەین و ئێستا وەزیری ناوخۆ کاری لەسەر دەکات، بۆئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، دەمانەوێت بەشدار بین لە سەقامگیریی ئەو وڵاتەدا. سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرعم بانگهێشتی ئەڵمانیا کردووە و لەگەڵیدا لەو بارەیەوە قسە دەکەم بۆئەوەی بزانین پێکەوە چۆن چارەسەری دەکەین، دەمەوێت جارێکی دیکەش بڵێم؛ شەڕی ناوخۆی سووریا کۆتایی هاتووە، ئێستا هیچ هۆکارێک نییە بۆ کۆچبەری لە ئەڵمانیا، بۆیە ئێستا دەتوانین دەست بە دیپۆرتکردنەوە بکەین، هەروەها ئەوەش زیاد دەکەم کە ئێستا بەشێکی گەورەی کۆچبەرانی سووریا بگەڕێنەوە و بەشداری لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەدا بکەن، بەبێ ئەو کەسانە ئاوەدانکردنەوە مەحاڵە و ئەو کەسانەی گەڕانەوە رەتدەکەنەوە، بێگومان لە داهاتوویەکی نزیکدا دیپۆرتیان دەکەینەوە."
 
بەگوێرەی وەڵامێکی نووسراوی پرسیاری رووداو بۆ فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە 9 مانگی ئەم ساڵدا، تەنیا 19 هەزار و 245 کەسی خەڵکی سووریا داوای مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا کردووە، لەوانەش 6 هەزار و 204 کەسیان کوردی رۆژئاوای کوردستانن، هەروەها تەنیا 10 هەزار و 545 هاووڵاتیی سووریا لە ئەڵمانیان کە بەگوێرەی یاساکانی کۆچبەری پێویستە ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.
 
پەرلەمانتارێکی کورد - ئەڵمانی لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، گرووپێکی بچووکن و پێویستە زۆر خۆیان نەترسێنن، بەڵام دیسانیش تەنیا گەڕاندنەوە بۆ پایتەختی سووریا لە بەرنامەی سیاسییاندایە و ئەو کوردانەی رۆژئاوای کوردستان کە بڕیاری سزادانی دادگەیان لەسەر نییە و پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەی ئەورووپییان نییە، مەترسیی گەڕاندنەوەیان زۆر کەمە.
 

 
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری کورد لە ئەڵمانیا لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، "ئەوەی لێرە تاوانی گەورەی ئەنجامدابێت و مافی مانەوەی مسۆگەریشی نەبێت؛ بۆ نموونە هاووڵاتییەکی ئەڵمانی کە رەگ و ریشەی سووریی هەبێت دیپۆرت ناکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر تاوانیشی ئەنجامدابێت، بەڵام پەناخواز هەن یان ئەوانەی مافی مانەوەی مسۆگەریان نییە، دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە و دادگەی ئیداریی دوسلدۆرف لەبارەی دوو کەیسەوە ئەو بڕیارەی داوە، ئەوانەی تازە دێن یان ئێستا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، هیچ چانسێکیان نییە یان چانسێکی زۆر کەمیان هەیە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بەڵام ئەگەر سەر بە کەمینەکان بن، بۆ نموونە کورد، درووزی یان شیعە کە ئیسلامییەکان هەڕەشەیان لێدەکەن، مافێکی پاراستنی بچووکیان دەبێت."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە ئەڵمانیا دەژین، حکومەتیش دەیەوێت ئەوانەی کار ناکەن و نایانەوێت کار بکەن، بگەڕێنەوە؛ ئەو ژمارەیەش چەندە؟ بە دروستی نازانرێت.
 
هاتووچۆی نێوان شاندی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا و سووریا زەمینە دروست دەکات کە دوای سەری ساڵی داهاتوو گەشتی نێوان بەرلین و شام دەستپێبکەن و ئەمەش دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنی دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیانی سووری.
 
هەر لەم بارەیەوە عەفاف شێخمووس، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانیانی شاری هێڕنە لە ئەڵمانیا میوانی دیاسپۆرا بوو، پرسی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان شیکردەوەو کە بووەتە بابەتێکی گەرم و جێی نیگەرانییەکی زۆر، گوتی، "پرسی ناردنەوەی پەنابەران زۆر زەحمەتە و مەودایەکی زۆری هەیە، ئەو کەسانەی خاوەنی مانەوەی هەمیشەیین، مانەوەی سیاسی، یان 'گۆچە سیا' (حیمایەتی سیاسی) بن، ئەوا لە مەترسیی گەڕانەوەدا نین، بەڵام کێشە بۆ ئەو کەسانە دروست دەبێت کە ئەم جۆرە مافی مانەوەیان نییە. دەشڵێت" لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێک هەبووە کە دە کەس یان زیاتر لە پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان گەڕێندراونەتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ هاووڵاتیانی سووری بووە، نەک کوردی رۆژئاڤا."
 
شێخمووس روونیکردەوە دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سووریا و لێدوانەکانی فریدریش مێرز کە گوتی "مەترسی لەسەر سوورییەکان نەماوە و وڵاتەکەیان شیاوە بۆ ژیان"، ئەم پرسە زیاتر پەرەی سەندووە. حکومەتی ئەڵمانیا و دادگاکان پێیان وایە کە چیتر "مەترسی لەسەر ژیانیان نییە" و دەتوانن بگەڕێنەوە.
 
بە گوتەی عەفاف شێخمووس، پارێزەرانی پەنابەران هەوڵدەدەن بەرگری لە دۆسیەکان بکەن و پێیانوایە سووریا وڵاتێکە حکومەتێکی هەیە و ژیان تێیدا ئاساییە، هەروەها پەرە و کار و سەقامگیری تێدایە و هەژاریش وەک جاران نییە، ئەوان پشت بەم بنەمایانە دەبەستن بۆ ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە رابگیرێت.
 
عەفاف شێخمووس لەبارەی پەنابەرانی کوردی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "دۆخی کوردی رۆژئاڤا جیاوازە و زۆر باشترە لە پەنابەرە عەرەبەکانی سووریا، چونکە ئەو دەزانن کە ئێستا دوای هاتنی حکومەتی سووریا، کێشەیەکی زۆر هەیە، کوردی رۆژاڤا ژیانیان لە مەترسیدایە."
 
ئەو روونیکردەوە کە ناردنەوەی کوردی رۆژئاڤا بۆ سووریا زۆر زەحمەتە، چونکە حکومەتی ئەڵمانیا دەزانێت، کە "مەترسی زۆر" لەسەر ژیانیان هەیە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی وەک قامیشلۆ و مەترسیان لەسەرە، ئەوا حکومەتی ئەڵمانیا نایاننێرێتەوە، هەروەها زۆرجار رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی سووریا و لایەنەکانی رۆژئاڤادا هەیە، ئەمەش وایکردووە کەیسەکانی گەڕانەوەی کوردی رۆژئاڤا زەحمەتر بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە