جیهان
پاش هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر باڕێکی پاریس لە ساڵی 2015؛ خەڵک چوونە بەردەم شوێنەکە و گوڵیان دانا
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا فەرەنسا خۆی بۆ یادکردنەوەی هێرشە خوێناوییەکانی 13ـی تشرینی دووەمی 2015 ئامادە دەکات، ئۆلیڤیێ کریستن، داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆری فەرەنسا رایگەیاند: "هەڕەشەی جیهادی هێشتا مەترسیدارترین هەڕەشەیە" بۆسەر فەرەنسا.
کریستن گوتی، هەڕەشەی گرووپە جیهادییە تووندڕۆکان لە فەرەنسا لە ساڵی 2015ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە و رایگەیاند: "هەڕەشەی جیهادی هێشتا مەترسیدارترینە بۆ ئێمە و نزیکەی 86٪ـی ئەو دۆسیانە پێکدەهێنێت کە لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆرەوە کاریان لەسەر دەکرێ، بەڵام لە هەڕەشەیەکی دەرەکییەوە واتە لە توانای رێکخراوێکی تیرۆریستیی دەرەوە کە تیمی دەناردە سەر ئەورووپا، بۆ هەڕەشەی نێوخۆیی گۆڕاوە."
بە گوێرەی داواکاری گشتیی فەرەنسا، ئەو دۆخەی هەیە "واتە بەشداریی کەسانی فەرەنسا کە هەرگیز وڵاتیان جێنەهێشتووە و پێویست ناکات پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەبێت. ئەمانە کەسانێکن کە بە گشتی لە رێگەی پڕوپاگەندەوە خۆیان تووندڕۆ دەکەن و لەوێوە پاڵنەریان بۆ دروست دەبێت بۆئەوەی بە گوێرەی رێنماییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییە گەورەکان کردەوە و چالاکییان هەبێت، ئینجا داعش بێت یان قاعیدە."
زیادبوونی مەترسیی تێوەگلانی منداڵان
یەکێک لە نیگەرانییە هەرە گەورەکانی کریستین، تەمەنی کەمی ئەو کەسانەیە تێوەدەگڵێن و گوتی: "لە چوار یان پێنج ساڵی رابردووەوە، دابەزینێکی بەرچاومان لە تەمەنی تۆمەتباراندا بینیوە کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوەیە. لە ساڵی 2023ـەوە بە شێوەیەکی کتوپڕ ئەم ئاڕاستەیە چڕتربووەتەوە و ئێستا زۆر منداڵی خوار تەمەنی یاسایی تێوەگلاون."
بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، کریستین ئاماری خستەڕوو و گوتی: "ئێمە لە دوو بۆ سێ منداڵی تۆمەتبار بە تاوانی تیرۆر لە ساڵێکدا، گەیشتینە 15 منداڵ لە ساڵی 2023، 19 منداڵ لە ساڵی 2024، و تاوەکو سەرەتای تشرینی دووەمی 2025، 17 منداڵمان هەبووە."
داواکاری گشتیی فەرەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە هەڕەشەکان تەنیا جیهادی نین، بەڵکو "شانبەشانی هەڕەشەی جیهادی، گەشەیەکی بەرچاو لە هەڕەشە سیاسییە تووندڕۆ تووندوتیژەکاندا هەبووە، بەتایبەتی لەلایەن بەشێکی تووندڕۆی راستڕۆی تووندوتیژەوە. ئێستا دۆسیەگەلێک دەکرێنەوە کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەر بوونیان نەبوو. تەنیا بۆ ساڵی 2025، پێنج دۆسیە کراونەتەوە."
کریستین ئاماژەی بە هەڕەشەیەکی دیکەش کرد و گوتی: "دووبارە وڵاتانی بیانی دەبینین کە لە رێگەی بریکارەوە، لەسەر خاکی نیشتمانی ئامادەکاری دەکەن و چالاکی دەکەن، یان بۆ لێدانی نەیارە سیاسییەکانیان یان بۆ گوشارخستنە سەر دەوڵەتانی بیانی دیکە، لەڕێگەی هێرشکردنە سەر ئەو کۆمەڵگایانەی کە لێرە لە فەرەنسا نیشتەجێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ