وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بۆ رووداو: پشتیوانی لە چارەسەری سیاسییانە دەکەین

08-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیاری رووداودا هەڵوێستی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی سێ پرسی گرنگی ناوچەکە خستەڕوو. زاخارۆڤا لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی تورکیاوە رایگەیاند، رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکان دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی ئابووری، بە کەرتی نەوت و گازیشەوە، لەگەڵ سووریا بەردەوامە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیش خواست.
 
پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەریی تورکیا
 
لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداودا سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆ لەسەر کشانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی چارەسەری، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند: "رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسیی کێشە و ئاڵۆزییە هەنووکەییەکان دەکات و پێشوازی لە هەوڵی هەموو لایەنەکان لەم بوارەدا دەکات. ئێمە باوەڕمان وایە، هەر وڵاتێک لە سەرتاسەری ئەم هەرێمە فرەنەتەوە و فرەئایینەدا، پێویستی بە چەسپاندنی ئاشتی و ئارامییە."
 
پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ سووریا 'چالاکتر بووەتەوە'
 
سەبارەت بەوەی ئایا رووسیا هیچ گرێبەستێکی نەوت و گازی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا واژۆ کردووە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا "چالاکتر بوونەتەوە."
 
زاخارۆڤا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی 15ـی تشرینی یەکەمی نێوان سەرۆکەکانی رووسیا و سووریا لە مۆسکۆ کرد و گوتی، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ "دەستپێکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دوولایەنەکان" دووپاتکردووەتەوە.
 
زاخارۆڤا گوتیشی: "دیالۆگی نێوان رووسیا و سووریا بەردەوامە. ئەجێندای ئەم دیالۆگە چەندین بابەتی هاوکاریی دوولایەنە لەخۆدەگرێ، کەرتی نەوت و گازیش یەکێکە لەوان. هەرچی وردەکارییە دیاریکراوەکانە، بەتایبەتی لایەنە داراییەکان، ئەوانە لەڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەردوو لایەنەوە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ."
 
هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردنی عێراق
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، زاخارۆڤا بە "قۆناخێکی گرنگ" لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەدا ناوی برد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "بێگومان عێراقییەکان خۆیان ئەم هەڵبژاردنە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنن. ئێمەش، هیوادارین دۆستە عێراقییەکانمان بە سەرکەوتوویی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەببەن."
 
پرسیاری رووداو لە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: 
 
رووداو: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گەریلاکانی لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە. رووسیا چۆن سەیری ئەم هەنگاوە دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؟ هەروەها، پێتوایە ئەم هەنگاوە چۆن بەشداریی ئاشتی لە سووریادا دەکات؟

 

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسیی کێشە و ئاڵۆزییە هەنووکەییەکان دەکات و پێشوازی لە هەوڵەکانی هەموو لایەنەکان دەکات لەم بوارەدا. ئێمە باوەڕمان وایە، هەر وڵاتێک لە سەرتاسەری ئەم هەرێمە فرەنەتەوە و فرەئایینەدا پێویستی بە چەسپاندنی ئاشتی و ئارامییە.
 
رووداو: ئایا رووسیا هیچ گرێبەستێکی لەگەڵ سووریا کردووە بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی سرووشتی پێی؟ بۆ هەر بەرمیلێک رێککەوتن لەسەر چ نرخێک کراوە؟
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان رووسیا و سووریا لە هەموو ئاستەکاندا پارێزراون. ئێمە خۆشحاڵین کە ئەو پەیوەندییانە لەم دواییانەدا چالاکتر بوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکانی 15ـی تشرینی یەکەمدا کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوون، سەرۆکی وڵاتەکەمان و سەرۆکی سووریا پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە هەلومەرجی نوێدا دووپاتکردەوە، بەتایبەتی چالاککردنی کاری کۆمیسیۆنی هەمیشەیی رووسیا و سووریا لەسەر هاوکاریی بازرگانی و ئابووری و هاوکاریی زانستی و تەکنیکی. دیالۆگی نێوان رووسیا و سووریا بەردەوامە. ئەجێندای ئەم دیالۆگە چەندین بابەتی هاوکاریی دوولایەنە لەخۆدەگرێ، کەرتی نەوت و گازیش یەکێکە لەوان. هەرچی وردەکارییە دیاریکراوەکانە، بەتایبەتی لایەنە داراییەکان، ئەوانە لە رێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەردوو لایەنەوە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: لە 11ـی تشرینی دووەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێ. ئێوە چۆن سەیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف لە عێراق و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەکەن؟
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: 11ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراقدا دەکرێ کە قۆناخێکی گرنگە لە ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا. بێگومان عێراقییەکان خۆیان ئەم هەڵبژاردنە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنن، هەربۆیە ئەوان، بە جێبەجێکردنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییانیان بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتداریی وڵاتەکەیان پابەندن. هەروەها، ئەکتەرە سیاسییە پەیوەندیدارەکان، کە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەکەن، بە هەمان شێوە سەیری ئەو هەڵبژاردە دەکەن. ئێمەش، هیوادارین دۆستە عێراقییەکانمان بە سەرکەوتوویی ئەم هەڵبژاردنە یان جێبەجێکردنی ئیرادەی گەل، بەڕێوەببەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە