رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا بە درۆنی "کۆپیکراوی شاهیدی ئێرانی" بەرەنگاری هێرشەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکا، لە دوای ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا رووبەڕووبوونەوەی هێرشی بەردەوامی درۆنەکان بووەتەوە کە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاکانی نزیکی کراون، ئێستا سوپای ئەمریکا پلانی داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە، درۆنی کۆپیکراوی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی دروست بکات، کە سوودیان لە دیزاین و تەکنەلۆژیای درۆنە ئێرانییەکان وەرگرتووە.
بەشی بەرهەمهێنانی ئەو درۆنە هەرزانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزێکی تایبەتی سوپای ئەمریکادا دەبێت کە ماوەی چەند مانگێکە پێکهێنراوە و هێزەکەش لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)دایە و بە ناوی "هێزی ئەرکی پێوەدانی دووپشک" کراوە.
ئەرکی سەرەکی ئەو هێزە درەستکردن و بەکارهێنانی درۆنی هێرشبەری کەم تێچوو دەبێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لەوبارەیەوە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە کە ئەو درۆنانە دوای ئەوە دروستکران کە ئەندازیارانی سەربازیی پێنتاگۆن هەوڵیانداوە درۆنێکی دژە درۆنی ئێرانی ناسراو بە "شاهید" دروست بکەن.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە، ئەندازیارانی ئەمریکی سوودیان لە پارچەی شاهید وەرگرتووە کە لە چەند ساڵی رابردوودا دەستیان بەسەردا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا "سێنتکۆم" لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "درۆنە هەرزانەکان کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندییەوە بڵاوکراونەتەوە، مەودایەکی فراوانیان هەیە و دیزاینکراون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن."
تاوەکو ئێستا روون نییە، کۆگە و کارگەی بەرهەمهێنانی ئەو درۆنانە لەکوێ دەبێت، بەڵام میدیای ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
هەروەها میدیاکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، سوپای ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا بە چڕی و بە پەلە کاری کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی لە بواری بەرهەمهێنانی درۆن.
میدیا ئەمریکی ئاماژەیان بەوە داوە کە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو درۆنە هەرزانانە لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، هاتووەتە ئاراوە، کاتێک ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی بۆ ماوەی چەندین مانگ پێگە و بنکەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردە ئامانج. لە یەکێک لە هێرشەکاندا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران.
لە هەمان کاتدا، حووسییەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام درۆن و مووشەکیان ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کردووە.
هەروەها لە ساڵی 2024، ئێران نزیکەی 170 درۆن و زیاتر لە 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە نزیکەی هەموویان خرانە خوارەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، سەرنجی ئەمریکا لەسەر بەرهەمهێنانی درۆنی گرانبەها و سیستمی زۆر پێشکەوتوو، لە بەرامبەر درۆنە هەرزانەکانی ئێران، لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی نەبووە، "بەڵام ئێستا ئێمە هاوکێشەکە پێچەوانە دەکەینەوە."
ئەو بەرپرسە رەتیکردەوە ژمارەی تەواوی ئەو درۆنانە ئاشکرا بکات کە لە کۆگە نوێیەکەی سێنتکۆمدا هەیە تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە "زۆرن" و زیاتریش لە بەرهەمهێناندان. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تێچووی هەر درۆنێک نزیکەی 35 هەزار دۆلارە کە بەراورد بە درۆنە گەورە و پێشکەوتووەکانی دیکەی ئومریکا هەرزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ