گەشتیارێکی ئەڵمانی بەهۆی تێکچوونی ئۆتۆمبێلەکەی 20 رۆژە لە گوندێکی مهاباد دەمێنێتەوە

10-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
پێترا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی
پێترا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێترا خەڵکی ئەڵمانیایە، سێ ساڵ و نیوە دەستی بە گەڕان بە وڵاتانی جیهاندا کردووە، لە مانگی 12ی 2023 چووەتە ئێران و بەنیازبوو گەشتێک بە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بکات و دواتر بچێتە هیندستان، بەڵام لە 22ی ئەو مانگەدا لەنزیک مهاباد ماوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تێکچووە.
 
پێترا، گەشتیاری ئەڵمانی دەڵێت، "ئۆتۆمبێلەکەم تایبەتە و پارچەی یەدەگی لە ئێران دەست ناکەوێت. مەکینەی ئۆتۆمبێلەکەم تێکچووە و پێویستە لە ئەڵمانیاوە بنێردرێت. ئۆتۆمبێلەکە کۆنە و زۆر پێشکەوتوو نییە. 46 ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە. ئۆتۆمبێلەکەم ئەو ماتۆڕەشی تێدایە و هەمیشە لەگەڵ خۆم دەیگێڕم. هەرکات ئۆتۆمبێلەکەم تێکبچێت، دەتوانم بەو ماتۆڕە بچم و یارمەتی بهێنم. ماتۆڕەکە هاوکارێکی باشی ژیانی منە."
 
ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی پێترا لەسەر رێگەی بورهان و لەنزیک مهاباد تێکچووە؛ چەند وەستاکاری بۆکان و مهاباد چوونەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام نەیانتوانیوە چاکی بکەنەوە. پێترا ئۆتۆمبێلەکەی گواستووەتەوە بۆ گوندی زگدڕاوی مهاباد. دانیشتووانی گوندەکە و خەڵکێکی زۆر لەنێو شاری مهاباد و گوندەکانی دەوروبەریەوە رۆژانە سەردانی پێترا دەکەن، خواردنی بۆ دەبەن و بانگهێشتی دەکەن سەردانی ماڵەکەیان بکات.
 
ئەو گەشتیارە ئەڵمانییە ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ شتێکم بۆ خۆم نەکڕیوە. بەردەوام بانگهێشت دەکرێم بۆ نانخواردن. خەڵکێکی زۆر سەردانم دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەمبەن بۆ گەشت و سەیران و خواردنم پێ دەدەن. دەچمە نێو خێزانەکانیان و تەنانەت لەگەڵیاندا چووم بۆ زەماوەندیش. زۆر خۆش بوو."
 
ئۆتۆمبێلەکەی پێترا شوێنی مانەوەی تێدایە، هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خواردن دەخوات، کتێب دەخوێنێتەوە و پشوو دەدات. ئەگەریش نەچێتە ماڵی خەڵک، رۆژانە بۆ هەر سێ ژەمەکە، خەڵک خواردنی بۆ دەبەن، بەتایبەت خواردنی خۆماڵی.
 
پێترا دەڵێت، سەرمای پێخۆش نییە و پلانی دانابوو لەم وەرزەی ساڵدا لە شوێنێکی گەرم بێت، بەڵام چارەنووس تووشی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی کردووە. ئەو دەڵێت، دوای گەڕانەوە بەسەرهاتی ئەو سەردانەی و میوانگربوونی خەڵکی کوردستان دەکاتە سەفەرنامەیەک و بڵاوی دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.