ترەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی "زۆر تووند" لە ئێران دەکات

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە دەسەڵاتدارانی ئێران و رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەست بە کوشتنی خۆپێشاندەران بکەن، ئەوا ئەمریکا "زۆر بە تووندی" لێیان دەدات. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا دەڵێت، "پێویستم بە یاسای نێودەوڵەتی نییە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆیەکی ئەمریکی، باسی لە خۆپێشاندانەکان و گرژییەکانی ئێران کرد.
 
ترەمپ گوتی: "ئاگادارم کردوونەتەوە کە ئەگەر دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن، کە ئەوان مەیلیان هەیە لە کاتی ئاژاوەکاندا ئەم کارە بکەن و ئاژاوەی زۆریشیان هەیە، ئەگەر ئەوە بکەن، ئێمە زۆر بە تووندی لێیان دەدەین."
 
"دەسەڵاتم سنووردار نییە و ئۆکراینام رزگار کرد"
 
لە لایەکی دیکەوە و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک بۆچوونی مشتومڕهێنەری لەبارەی دەسەڵاتەکانی خۆی و سیاسەتی دەرەوە خستەڕوو.
 
ترەمپ بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "من پێویستم بە یاسای نێودەوڵەتی نییە و هەوڵی ئازاردانی هیچ کەسێکیش نادەم." سەبارەت بە دەسەڵاتەکانیشی گوتی: "دەسەڵاتی من وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تەنیا بە رەوشتی کەسیی خۆم سنووردارە (هیچ شتێکی دیکە سنوورداری ناکات)."
 
سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکراینا و ئەورووپا، ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە "زۆر بەوەفا" بووە بۆ ئەورووپا و دەڵێت: "ئەگەر هەوڵەکانی من نەبووایە، ئێستا رووسیا دەستی بەسەر تەواوی ئۆکراینادا دەگرت." هەروەها رەخنەی لە ئەورووپییەکان گرت کە دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان باشتر بن، چونکە "رووسیا گوێ بە هیچ وڵاتێکی ناتۆ نادات جگە لە ئێمە."
 
لەبارەی مەترسییەکانی چین بۆ سەر تایوان، ترەمپ پێشبینی دەکات: "رەنگە سەرۆکی چین دوای ئەوەی سەرۆکێکی دیکە جگە لە من دەسەڵات دەگرێتەدەست، هێرش بکاتە سەر تایوان، بەڵام باوەڕم وایە تاوەکو من سەرۆک بم ئەو کارە ناکات."
 
لێدوانە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئێران ماوەی 12 رۆژە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بووەتەوە.
 
بەپێی میدیا خۆجێیەکان و راگەیێندراوە فەرمییەکان، لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمەوە، لایەنی کەم 21 کەس لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکیان هێزە ئەمنییەکانن.
 
رێکخراوی نێتبلۆکس رایگەیاندووە کە ئێران چووەتە نێو "تاریکیی دیجیتاڵی" و ئینتەرنێت بە شێوەیەکی سەرتاسەری پچڕاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

ئەو وڵاتانەی کە ترەمپ هەڕەشەیان لێدەکات؛ لە ڤەنزوێلاوە تاوەکو نەیجیریا

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتێکی هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر. لە تێڕوانینیدا، سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان جێگیر نین؛ ئەو هەڕەشەی گۆڕینی رژێم، دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان و تەنانەت لکاندنی خاکی وڵاتانی دراوسێش دەکات.