رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پلانی هەیە هێرشی زەوینی دژی تۆڕی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستپێبکات، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی دەریایی لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و دەریای کاریبی دێت کە بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی و لۆجستیی ئەو گروپانە کران، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی کات و شوێنی هێرشە چاوەڕوانکراوەکان نەخستەڕوو.
ترەمپ، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، رایگەیاند: "دەست بە هێرشی زەوینی دەکەین دژی کارتێلەکان، ئێمە چیدیکە رێگە نادەین ئەوان بەردەوام بن، چونکە کارتێلەکان مەکسیک بەڕێوەدەبەن."
ئەم راگەیاندنەی ترەمپ دوای دەستگیرکردنی لەناکاوی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دێت لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، ئەوەش دوای زیادبوونی گوشاری سەربازی و ئابووریی تووندی ئەمریکا بۆ سەر ئەو سەرکردە چەپڕۆیەی ئەمریکا لاتین دادەنرێت.
وەکو بەشێک لەو هەڵمەتە فراوانە دژی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولەوە زیاتر لە 100 کەسیان لە هێرشەکاندا بۆ سەر بەلەمە گومانلێکراوەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورە ئاوییەکان کوشتووە.
ترەمپ پشتڕاستیکردەوە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی زەوینیی خێرایان بۆ سەر ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی ئەو جۆرە کەشتییانە لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا کردووە، کە بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی وەکو بنکەیەکی لۆجستی بۆ کارتێلەکان بەکارهاتووە.
حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا، هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەیان بە تووندی سەركۆنە کرد و وەکو "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە وەسفی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، کلاودیا شاینباوم، سەرۆکی مەکسیک، رۆژی دووشەممە لە وەڵامی لێدوانێکی پێشووتری ترەمپدا کە ئاماژەی بە "باڵادەستیی" واشنتن بەسەر نیوەگۆی رۆژئاوادا کردبوو دوای دەستگیرکردنی مادورۆ، رایگەیاند، کیشوەرەکانی ئەمریکا "هیچ هێزێک خاوەنیان نییە" و جەختی لەسەر سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە.
ترەمپ، رۆژی یەکشەممە ئاشکرایکردبوو کە گوشاری خستووەتە سەر شاینباوم بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات هێزی ئەمریکی بنێرێتە ناو خاکی مەکسیکەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان، کە پێشنیازێکە بەگوێرەی قسەکانی ترەمپ، پێشتر لەلایەن سەرۆکی مەکسیکەوە رەتکرابووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ