رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر ئێران "گەورەترین کار" بووە و دەڵێت، ئەگەر ئەو کارەی نەکردایە، ئێران لە ماوەی دوو مانگدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها هۆشداریش دەداتە دەسەڵاتدارانی تاران لەوەی ئەگەر تەقە لە خۆپێشاندەران بکەن، "زۆر بە تووندی" لێیان دەدەن.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران گوتی: "گەورەترین شت هێرشکردنە سەر ئێران بوو... دەزانن.. بەر لە ساڵێک یان ساڵ و نیوێک، نەتاندەتوانی ئاشتی بەدیبێنن، چونکە وڵاتانی دیکە نەیاندەتوانی لەژێر ئەو هەورە رەشەدا بن کە بەسەریانەوە بوو."
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران زۆر نزیک بووەتەوە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆیە بڕیاری هێرشەکەی داوە. ترەمپ دەڵێت: "ئەوان لەماوەی دوو مانگدا دەبوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەر لەبەر ئەوەبوو دەبووایە من هێرش بکەم. هەموو سەرۆکێک دەیویست هێرش بکات، بەڵام هیچیان نەیانکرد."
چارەنووسی خامنەیی و "رووخانی رژێم"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگاداری ئەوەیە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران "پلانی دووەمی هەیە بۆ ئەوەی بچێتە رووسیا؟"، دۆناڵد ترەمپ بەکورتی وەڵامی دایەوە و گوتی: "بەنیازە بچێتە شوێنێک."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران و ئەوەی ئایا ئەو وڵاتە لەسەر لێواری داڕماندایە، ترەمپ گوتی: "دەکرێت وابێت."
هۆشداری لەبارەی خۆپێشاندەران
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، دەسەڵاتدارانی ئێران لە رابردوودا بە زەبری هێز و چەک رووبەڕووی خەڵکی بێچەک بوونەتەوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمجارە ئەمریکا بێدەنگ نابێت.
ترەمپ گوتی: "ئەوەی ئەوان کردوویانە ئەوەیە کە لە رابردوودا دەستیانکردووە بە تەقەکردن لە خەڵک و خەڵک کە هیچ چەکێکیان پێنییە لەوێ راوەستاون و ئەوانیش بە چەکی رەشاش دەیانکوژن یان دەیانگرن و دەیانبەنە زیندان و دواتر لەسێدارەیان دەدەن و دەیانکوژن."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی: "هۆشداریم داوەتە ئێران، ئەو خەڵکە بە تەواوی بێ چەکن و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، دەیانەوێت شتێک رووبدات... بەڵام من پێمگوتن کە ئەگەر هیچ شتێکی خراپ بەرامبەر بەو خەڵکە بکەن، زۆر بە تووندی لێیان دەدەین. ئامادەین ئەوە بکەین."
ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئێران "150 ساڵ گەڕاوەتەوە دواوە"، دووپاتی کردەوە کە هەر جووڵەیەک دژی خۆپێشاندەران، کاردانەوەی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ