رووداو دیجیتاڵ
لە کۆریای باشوور لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی ماسیگرتن، کە نۆ کەسی لەسەر بوو، شەش کەس بێسەروشوێن بوون.
رۆژی شەممە 09-03-2024 پاسەوانی کەناراوەکانی کۆریای باشوور رایگەیاند، بەلەمێکی ماسیگرتن کە 9 کەسی لەسەربووە، لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە ژێرئاو کەوتووە.
نووسینگەی پاسەوانیی شاری تۆنگیۆنگ لەو وڵاتە دەڵێت، "حەوت لە ماسیگرەکان ئیندۆنیزی بوون."
لی هۆن جوون، ئەفسەری پاسەوانیی کەناراوی کۆریا دەڵێت، "بەلەمەکە لە دووریی 68 کیلۆمەتر لە باشووری شاری تۆنگیۆنگ ژێرئاو کەوتووە، سێ کەسمان رزگار کردووە و رەوانەی نەخۆشخانەمان کردوون. گەڕان بۆ شەش کەسە بێسەروشوێنەکەی دیکەش بەردەوامە."
یون سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور دەزگا فریاگوزارییەکانی راسپاردووە "هەموو شتێک بکەن بۆ رزگارکردنی ماسیگرەکان."
سەرچاوەیەکی نافەرمی ئاماژەی بەوە داوە، بەلەمەکە لە دوورگەی جێجو لە باشووری کۆریای باشوور دەستی بە جووڵە کردووە.
نووسینگەی سەرۆکی کۆریای باشوور دەڵێت، "12 بەلەمی پاسەوانی، چوار کەشتیی جەنگی و شەش فڕۆکە بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ