لەکاتی هەوڵدانی خێزانەکەی بۆ گەیشتنە بەریتانیا منداڵێکی 7 ساڵانی عێراقی لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا

09-03-2024
رووداو @Rudawkurdish
دایکی رۆلا وێنەی کچەکەیی بەدەستەوەیە
دایکی رۆلا وێنەی کچەکەیی بەدەستەوەیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆلا-ی تەمەن حەوت ساڵان هەموو تەمەنی بە رێگەی ئەورووپاوە لە گەشتێکی درێژ بەرەو بەریتانیا بەسەربرد، گەشتێک کە بە گیانلەدەستدانی خۆی کۆتایی هات.
 
نوور، دایکی رۆلا دەڵێت، "[منداڵەکەم] جوان بوو. لەدەستم بەربووەوە. حەوت ساڵان بوو. هیچی لەم دونیایەدا نەبینیبوو. دەمانویست ژیانی خۆش بکەین."
 
خێزانی رۆلا پارەیان بە قاچاخچییەک دابوو بۆئەوەی بیانبات بۆ بەریتانیا، بەڵام شەپۆلەکانی نۆکەندی ئینگلیز بەلەمەکەی سەراوژێر کرد و رۆلا خنکا.
 
محەممەد، باوکی رۆلا دەڵێت، "ئەوانە (قاچاخچییەکان) تاوانکارن. مرۆڤ بە مرۆڤ نابینن. تەنیا پارە دەبینن. مرۆڤ بە کاڵا دەبینن. هیچ رەوشت و مرۆڤایەتییان نییە."
 
سێ براکەی رۆلا، لەنێو خەمدا رۆچوون. برایەکی رۆلا دەڵێت، "ئەو لای ئێمە زۆر ئازیز بوو. دەمەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام رۆیشت. چی بکەین؟ دەمەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە؛ خنکا."
 
هەوڵەکە بۆ پەڕینەوە لە رێگە ئاوییەکە ئاسایی نەبوو. بەلەمێکی دزراوی بچووکیان بە کرێ گرتبوو. مەودایەکی کەمیان لە کەناراوەکانی فەرەنساوە بڕی و بەلەمەکەیان سەراوژێر بوو.
 
تەرمی رۆلا لە ساردخانەیەکی شاری دەنکیخی باکووری فەرەنسا برایە گۆڕستانێکی ئەو شارە و بەخاکسپێردرا.
 
خێزانەکەی دەڵێن، "جەرگیان سووتاوە،" بەڵام جارێکی دیکەش هەوڵ دەدەنەوە بگەنە بەریتانیا، کە ئەوەش بە واتای بەکارهێنانی بەلەمێکی دیکە و مامەڵەکردن لەگەڵ قاچاخچییەکی دیکە دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە