یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت پەناخوازان دووربخاتەوە، بەڵام نەک بۆ رواندا

09-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا بیر لەوە دەکاتەوە پەناخوازان بنێرێتە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام نایەوێت وەک بەریتانیا بە فڕۆکە بیاننێرێت بۆ رواندا. 
 
بیرۆکەی ناردنی ئەو پەناخوازانەی دەگەنە ئەوروپا بۆ وڵاتانی سێیەم، پێشتر لە رێککەوتنێکی ئیتاڵیا لەگەڵ ئەلبانیادا بەکارهێنرا. 
 
هەروەها بیرۆکەکە لە رەشنووسی هەمواری یاسای کۆچ و پەناخوازیی یەکێتیی ئەوروپاشدا رەنگیداوەتەوە، کە بڕیارە سبەی (چوارشەممە) پەرلەمانی ئەوروپی دەنگی لەسەر بدات. رەشنووسەکە هەندێ بڕگەی تێدایە، کە باس لە ناردنی پەناخوازان بۆ وڵاتانی سێیەمی "سەلامەت" دەکەن.  
 
بەڵام بۆ ئەوەی بنێردرێن، رەشنووسی یاساکە بە پێویستی دەزانێت "پەیوەندییەک" لەنێوان پەناخوازەکە و ئەو وڵاتەدا هەبێت کە بۆی دەنێردرێت. بەراورد بەوە، پلانی بەریتانیا ئەوەیە؛ رواندا ببێتە وەرگری هەموو ئەو پەناخوازانەی بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا، بێ رەچاوکردنی ئەوەی لە کوێوە رۆیشتوون ،یان هیچ پەیوەندییەکیان بە وڵاتە ئەفریقییەکەوە هەیە یان نا. 
 
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دژایەتیی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە دەربڕیوە. 
 
ناتوانرێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە یەکێتیی ئەوروپادا بنرێت، چونکە "نە لەگەڵ چوارچێوەی یاسایی ئێستادا دەگونجێت و نە لەگەڵ ئەو چاکسازییانەش کە دەخرێنە بەر دەنگدان."
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دوو ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا (نەمسا و دانمارک)، حەزی خۆیان بۆ کارێکی هاوشێوەی بەریتانیا، پێشانداوە.  
 
هەروەها زیادبوونی داواکارییەکانی پەناخوازی لە ئەوروپا، لەگەڵ زیادبوونی پێشبینیکراوی دەنگی راستڕۆیە توندڕۆکان لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی یەکێتیی ئەوروپادا، وایکردووە پارتی نەریتخوازی گەلی ئەوروپا، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا روو لەو ئاراستەیە بکەن. 
 
ئەو پارتە کە ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپیش ئەندامییەتی، لە کارنامەی هەڵبژاردنەکانیدا پێشنیازێکی لەو جۆرەی خستووەتەڕوو. 
 
یانس شپان، ئەندامی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا کە بەشێکە لە فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەوروپا، دەڵێت ژمارەیەکی کەمتری کۆچبەرە نایاساییەکان دەگەنە یەکێتیی ئەوروپا ئەگەر "بۆیان روونبێتەوە کە دوای 48 کاژێر دەنێردرێنە وڵاتێکی سەلامەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا."
 
بیرکردنەوە لە دەرەوەی سندووقەکەدا
 
حکومەتە راستڕۆ تووندەکەی ئیتاڵیا کە جۆرجیا میلۆنی سەرکردایەتیی دەکات، رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەلبانیادا واژۆکردووە بۆ ئەوەی کۆچبەران بگوازێتەوە ئەو وڵاتە. 
 
رێککەوتنەکەی رۆما کە تشرینی دووەم لەگەڵ تیرانا واژۆکرا، باس لە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەلبانیا دەکات؛ ئیتاڵیا پارەی ئەو ناوەندانە دەدات و بەڕێوەیان دەبات، هەروەها خۆی هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکانی پەناخوازی دەکات و یاسای ئیتاڵیایان بەسەردا جێبەجێدەکات. 
 
ڤۆندەرلاین ستایشی ئەو پلانەی کردووە و بە "نموونەیەک بۆ بیرکردنەوە لە دەرەوەی سندووقەکەدا" دایناوە. 
 
بۆ ژۆن لویس براوەر، داڕێژەی پێشووی سیاسەتی کۆچ و پەناخوازیی کۆمیسیۆنی ئەورووپی کە ئێستا بەڕێوەبەری پرۆگرامی کاروباری ئەورووپییە لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئیگمۆند، دەڵێت "دەکرێت بیرۆکەی پلانەکەی ئیتاڵی و ئەلبانیا زیاتر بڵاوبێتەوە و ڵاتانی دیکەش بەکاریبێنن."
 
ئەو دەڵێت "ئەوە جۆرێک لە رێککەوتنی دوو قۆڵییە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەتوانن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەڵقان بیکەن کە دەیانەوێت بێننە نێو یەکێتییەکە."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە