راوێژکارێکی باڵای ترەمپ: پێم وانییە ئێرانییەکان بتوانن فریوم بدەن

10-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤ ویتکۆف، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی شاندی واشنتن بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی ئێران دەکات، دەڵێت، "پێم وانییە" ئێرانییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ هەوڵی فریودانی بدەن؛ هۆشداریش دەدات کە ئەگەر وابکەن، ئەوا دانوستاندنەکان کۆتاییان دێت و ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران. 
 
 ویتکۆف بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە دیپلۆماسی لە دەستوەردانی سەربازی پێ باشترە، بەتایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی برایتبارت کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، ویتکۆف بە وردەکارییەوە باسی لەو دۆسیانە کردووە کە ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان گفتوگۆیان لەسەر دەکات، وەک بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا.  
 
ویتکۆف گوتی، ترەمپ "بڕوای وایە کە ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بە دەست دەهێندرێت، کە لە بنەڕەتدا بە واتەی ئەوە دێت، مەرج نییە پەنابردنە بەر تووندوتیژی و جەنگ لە بەرژەوەندیی هەرە باشی وڵاتدا بێت و مەرج نییە باشترین رێگەش بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی شەڕ، ئاشتیی هەمیشەیی، یان هەر ناوێکی لێدەنێین."
 
راوێژکارە باڵاکەی ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، وەک سەرکردەی گەورەترین زلهێزی جیهان، دەتوانێت هێزی سەربازی لە هەموو شوێنێک بەکاربهێنێت، "بەڵام ئەو پێی وانییە لە زۆر بارودۆخدا ئەو هەنگاوە بەرهەمدار بێت. بۆیە، گفتوگۆ و دیپلۆماسی ئەو رێگەیانەن دەیەوێت پەیڕەویان بکات، چونکە ئەگەر بتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە بگاتە چارەسەرێکی سەرکەوتوو کە لە بەرژەوەندیی هەرە باشی ئەمریکادا بێت، ئەوە باشترە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشە جیهانییانەی رووبەڕوویان دەبینەوە."
 
سەبارەت بە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ویتکۆف رایگەیاند کە ترەمپ بڕوای بە گفتوگۆ هەیە. 
 
ویتکۆف دەڵێت: "ئەوە لە هەر بژاردەیەکی دیکە چارەسەرێکی درێژخایەنترە بۆ ئەو قەیرانە. ئەوە بە شێوەیەکی فیزیکی، چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دەگۆڕێت. ئەگەر بتوانین وایان لێبکەین خۆویستانە لە پیتاندنی یۆرانیۆم دووربکەونەوە، ئامێری سێنتەرفیوجیان نەبێت، ئەو مادەیان نەبێت کە بتوانێت بە ئاستی 90٪ بۆ بەرهەمهێنانی چەک یۆرانیۆم بیپیتێنێت، ئەگەر بتوانین وایان لێبکەین خۆویستانە ئەو کارانە بکەن، ئەوا ئەمە درێژخایەنترین رێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەرگیز دەستیان بە چەکەکە ناگات."
 
وتیکۆف هیوادەخوازێت ئێرانییەکان "ئارەزوومەندانە" داواکارییەکانی ئەمریکا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیاندا جێبەجێ بکەن، چونکە وەک ترەمپ دەڵێت، "بژاردەی دیکە بۆ ئێرانییەکان باش نابێت،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن. 
 
ویتکۆف وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە گوایە دانوستانەکانی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەنابات، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک لە نەریتخوازەکان کە پێیانوایە جەنگ تاکە رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. نێردەکەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەختی کردەوە کە ئەو رەخنەگرانە زۆرجار نایانەوێت دانوستانەکانی سەرکەوتوو بن، چونکە زۆربەیان جەنگیان پێ باشترە لە ئاشتی.
 
راوێژکارەکەی ترەمپ گوتی، نەریتخوازەکان "باوەڕیان وایە جەنگ تاکە رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی شتەکان،" بەڵام ترەمپ، "باوەڕی وایە هێزی کەسایەتیی خۆی، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ دۆخە جیاجیاکان، دەتوانن خەڵک ناچار بکەن کارەکان بە شێوازێکی باشتر لە بەرژەوەندیی حکومەتی ئەمریکادا بکەن."
 
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئێرانییەکان لە گفتوگۆدا هەوڵی فریودانی دەدەن، ویتکۆف گوتی: "رەنگە هەوڵی فریودانم بدەن. پێم وانییە بتوانن فریوم بدەن. لەو ئەگەرەدا، ئەگەر ئێرانییەکان ئەو هەڵەیە بکەن کە پێیان وابێت دەتوانن لەسەر مێزی دانوستاندن خاوەخاو بکەن، ئەوا من زۆر نابینن و وەک سەرۆک دەڵێت، جێگرەوەکە جێگرەوەیەکی خراپ دەبێت بۆیان."
 
لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ئەمریکا و ئێران سێ گەڕی گفتوگۆیان لە عومان و ئیتاڵیا کردووە. 
 
بڕیارە ویتکۆف جارێکی دیکە بچێتەوە عومان بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە چوارەم گەڕی گفتوگۆ لەگەڵ شاندی ئێرانی بکات. 
 
چوارەم گەڕی دانوستاندنەکان کە سەرەتا بڕیاربوو لە 3ی ئایار لە رۆما بکرێت، دواخرا. 
 
ئەو کات عومانی نێوەندگیر رایگەیاند، دواخستنەکە لەبەر "هۆکاری لۆجستی" بووە. 
 
ترەمپ، کە وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان کشاندەوە، هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئێرانی کردووە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات.
 
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەچێت، لە کاتێکدا ئێران پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا

وەزیری بەرگریی بەریتانیا: کاتی ئەوە هاتووە گوشار بخەینە سەر پووتین

وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، پێویستە هاوپەیمانانی ئۆکراینا هەنگاو بنێن و "گوشار بخەنە سەر پووتین"، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا ئامادە نەبوو لە تورکیا دووبەدوو لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا دابنیشێت.