جیهان
دوو پیاو بە لای باڵەخانەیەکی زیانبەرکەوتووی جەنگ دا دەڕۆن لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکیی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، پەیوەندییەکە بۆ ماوەی 20 خولەک بەردەوام بوو و بە شێوەیەکی "زۆرباش" کۆتایی هات.
بە گوتەی بەرپرسەکە، ترەمپ و زیلینسکی لە پەیوەندییەکەیاندا باسیان لە گفتوگۆی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کردووە. هەروەها رێککەوتنی کانزاکانی نێوان واشنتن و کیێڤیشیان تاوتوێ کردووە، کە لە لایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسندکراوە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیالدا گوتی، ئەمریکا داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەی بێمەرج بۆ ئۆکراینا دەکات و هەر لایەنێکیش پێشێلی بکات، بە گەمارۆی ئابووریی سزا دەدرێت.
ترەمپ نووسیویەتی: "گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە. ئەمریکا داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەی بێمەرج دەکات."
هاوکات زیلینسکی لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بە ترەمپی راگەیاندووە، ئۆکراینا ئامادەیە بە "هەر شێوەیەک بێت" گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات، بەڵام بەو مەرجەی ئاگربەستێکی سەرتاسەری و هەمیشەیی بێت.
زیلینسکی نووسیویەتی: "پشتڕاستم کردەوە کە ئۆکراینا ئامادەی گفتوگۆیە، بە هەر شێوەیەک بێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، پێویستە رووسیا جیدیبوونی خۆی لە کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشانبدات و دەست بە ئاگربەستێکی تەواوی بێمەرج بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ