جێگری سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە

09-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەبێت هیندستان و پاکستان گرژییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە، بەڵام دەشڵێت، جەنگەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. 
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "دەمانەوێت هەرچی زووە دۆخەکە هێور ببێتەوە. بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو وڵاتانە کۆنترۆل بکەین."
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەوەی ئێمە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە هەوڵ بدەین کەمێک گرژییەکان هێور ببنەوە، بەڵام ئێمە ناچینە نێوەڕاستی ئەو جەنگەی کە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و ئەمریکاش توانای کۆنترۆلکردنی نییە."
 
لە رۆژانی رابردوو، ئەمریکا گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ هەردوو لایەنی جەنگەکە کردووە. رۆژی پێنجشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات قسەی کرد و داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی لێ کردن. 
 
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی کرد و گوتی، "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم و هانی هەردوو سەرکردایەتیی پاکستان و هیندستان دەدەم کار بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بکەن."
 
زیادبوونی گرژییەکانی نیودەلهی و ئیسلاماباد دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە پێش ئێستا لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستانە گرووپێکی چەکدار هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و 26 کەسیان کوشت. هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە. 
 
هیندستان 55٪ و پاکستانیش 35٪ـی کشمیریان لەژێر دەستە. لەو دوو هەفتەیەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان و پێکدادانەکاندا نزیکەی 50 کەس کوژراون.
 
بەهۆی رێکاری ئەمنییەوە ئەو کۆمپانیا هیندییانەی لە گەشتە ئاسمانییەکانیان بەردەوامن رێنمایی گەشتیارانیان کردووە، لانیکەم سێ کاژێر پێش کاتی دیاریکراویان بگەنە فڕۆکەخانە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.