رووداو دیجیتاڵ
شاجوانی پێشووتری عێراق بەفەرمی خۆی بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەربژێر دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتندیدا، دەبێتە یەکەم ژنی عێراقی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
سارا عیدان، خەڵکی شاری بەغدایە و لە ساڵی 2017 بە شاجوانی عێراق هەڵبژێردرا و ئێستا لە شاری لۆس ئەنجلیسی ئەمریکا دەژیت و رێکخراوێکی بەناوی Humanity Forward دروستکردووە و بەگوتەی خۆی، "رێکخراوەکە کار بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان موسڵمان و جووەکان دەکات بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان و دروستکردنی ئاشتی."
سارا بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، ئەگەر ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، جگە لەوەی یەکەم ژنە کۆچبەری عیراقییە، دەبێتە "یەکەم موسڵمانی زایۆنیست" لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
سارا دەڵێت: "پێموانییە بەربژێرێکی لە من باشتر هەبێت، دەنگی من دەبێتە دەنگی کەمایەتییەکان لە نێو کۆنگرێس؛ پێموایە کە پێویستیمان بە نوێنەرێکی عێراقییە لەنێو کۆنگرێس."
لە ساڵی 2017، سارا خۆی بۆ پۆستی شاجوانی گەردوون بەربژێر کردبوو. لە مەراسیمەکە وێنەیەکی لەگەڵ نوێنەری ئیسرائیلدا گرت و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێبکرێت.
سارا بەوە ناسراوە کە لایەنگری ئیسرائیلە و بەردەوام لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل قسە دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئیلهان عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانە و موسوڵمانە، رەخنەی لێ بگرێت و لە ساڵی 2019 لە تویتێکدا نووسی: "سارا، نوێنەرایەتی من ناکات وەکو موسوڵمانێک."
سارا، لە ساڵی 1990 لە بەغدا لەدایکبووە و لە تەمەنی 18 ساڵی وەکو وەرگێڕێکی خۆبەخش لەگەڵ سوپای ئەمریکا لەعێراق کاری کردووە و لە ساڵی 2015 وڵاتینامەی ئەمریکی وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ