رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد رایدەگەیێنێت، رێگە بە هاوپەیمانیی ناتۆ دەدەن سەربازەکانی لە سوێد جێگیر بکات. ئەوەش لە کاتێکدایە، هێشتا داواکاریی سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانییەکە پەسند نەکراوە.
رۆژی هەینی، 9ـی حوزەیرانی 2023، ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و پاڵ جۆنسن، وەزیری بەرگریی سوێد بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، "حکومەت بڕیاریداوە لە داهاتوودا، سوپای سوێد بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن."
ئەو دوو بەرپرسە سوێدییە دەشڵێن: "ئامادەکارییەکان پێکدێن لە هێنانی بەشێک لە پێداویستی و کارمەندی بیانی بۆ نێو خاکی سوێد. ئەو بڕیارە ئاماژەیەکی روون دەبێت بۆ رووسیا و بەرگری سوێد بەهێز دەکات."
بەرپرسە سوێدییەکان ئاماژە بە هەڕەشەکانی رووسیا دەدەن و دەڵێن: "رووسیا لە داهاتوودا وەکو هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دەمێنێتەوە، دڵنیانین لەوەی خواستەکانی ڤلادیمیر پوتین لە ناوچەکە چین."
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە ئەکادێمیای هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە کۆلۆرادۆ رایگەیاند دڵنیایە لەوەی سوێد دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ.
هاوکات، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و هەڵدەدات تورکیا رازیبکات ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ