لە ئیندۆنیزیا مارێک ژنێک قووت دەدات

09-06-2024
تەنیا ئەحمەد
وێنەی ئەو مارەی ژنەکەی قووتداوە
وێنەی ئەو مارەی ژنەکەی قووتداوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە نێوەڕاستی ئیندۆنیزیا لەنێو سکی مارێکی گەورەدا بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مارەکە ژنەکەی بە یەکجار قووتدابوو. ژنەکە دوو رۆژ بوو ون ببوو.
 
فەریدەی تەمەن 45 ساڵ خەڵکی گوندی کالێمپانگە لە باشووری پارێزگای سولاوێزی نێوەڕاستی ئیندۆنیزیا، دوای ئەوەی رۆژی 06-06-2024 لە ماڵ دەردەچێت و ناگەڕێتەوە، هاوژینەکەی دوای دوو رۆژ لەگەڵ چەند دانیشتوویەکی گوندەکە لەنێو سکی مارێکی جۆری پایسۆن دەیدۆزنەوە. ئەو هاووڵاتییانە دەڵێن، "درێژیی مارەکە نزیکەی پێنج مەتر بووە."
 
سواردی رۆسی، سەرۆکی گوندی کالێمپانگ دەڵێت، "فەریدە خاوەنی چوار منداڵ بوو، شەوی پێنجشەممە سۆراخی دیار نەبوو، بۆیە دەستمان بە گەڕان کرد."
 
سواردی هەروەها دەڵێت، "هاوژینی فەریدە چەند شتێکی تایبەت بە فەریدەی دۆزییەوە و گومانی کرد لەو ناوە بێت، دوای ماوەیەکی کورت لە گەڕان مارێکی سک گەورەمان بینی. دوای ئەوەی سکی مارەکەمان هەڵدڕی، سەری فەریدەمان بینی. فەریدەی بە جلەکانیەوە قووتدابوو."
 
رووداوی قووتدانی مرۆڤ لەلایەن مارەوە زۆر دەگمەنە، بەڵام چەند کەسێک لە ئیندۆنیزیا لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن پایسۆنەکانەوە قووتدراون.
 
ساڵی 2023 چەند دانیشتوویەکی ناوچەی تینانگی لە باشووری رۆژهەڵاتی سولاوێزی، مارێکی پایسۆنی هەشت مەترییان کوشت کە خەریک بوو جووتیارێکی دەخنکاند و قووتی دەدا.
 
لە 2018 لە شارۆچکەی مونا لە باشووری رۆژهەڵاتی سولاوێزی ژنێکی تەمەن 54 بە مردوویی لە سکی مارێکی حەوت مەتری دۆزرایەوە.
 
لە ساڵی 2017ەش جووتیارێک لە رۆژئاوای پارێزگای سولاوێزی بێسەروشوێن بوو، دواتر چەند کەسێک تەرمی جووتیارەکەیان لە سکی پایسۆنێکی چوار مەتری دۆزییەوە.
 
پایسۆنی تۆڕدار درێژترین ماری جیهانە و لە دوای ئانەکۆندای سەوز و پایسۆنی بۆرمایی، ترسناکترین مارە. پایسۆنی تۆڕدار لە ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا دەژین. درێژترین ماری پایسۆنی تۆڕدار تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە 10 مەتر بووە. بە گشتی کێشیان 75 بۆ 175 کیلۆگرامە و مێیەکانیان لە نێرەکانیان گەورەترن.
 
پایسۆنی تۆڕدار ژەهراوی نییە و بۆ کوشتنی نێچیرەکانیان پشت بە خنکاندن یان قووتدانی راستەوخۆ دەبەستن. مێیەی پایسۆنی تۆڕدار 15 بۆ 80 هێلکە دەکەن و دوای 88 رۆژ دەتروکێن. پایسۆنی تۆڕدار لە تەمەنی 2 بۆ 5 ساڵی دەتوانێت زاوزێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە