رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی راپرسیی یوترێند (YouTrend) دەڵێت، گشتپرسییەکەی ئیتاڵیا بۆ ئاسانکردنی یاساکانی تایبەت بە رەگەزنامە و گۆڕانکاری لە یاساکانی پاراستنی کاردا، بەهۆی کەمیی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانەوە سەرکەوتوو نەبووە.
بەگوتەی ئاژانسەکە، لە ماوەی دوو رۆژدای رابردوو تەنیا نزیکەی 30%ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان کردووە، بەوەش گشپرسییەکە بە یاسایی هەژمار ناکرێت.
لە گشپرسییەکەدا لانیکەم 50 ملیۆن ئیتاڵی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام هەروەک ئاژانسی یوترێند باسی دەکات، تەنیا 22 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.
بۆ ئەوەی گشتپرسییەکەی بە یاسایی دابندرێت دەبێت لانیکەم 50+1ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەشداری بکەن. ئەگەر بەشداریکردن لە خوار ئەو رێژەیە بێت، ئەوا راپرسییەکە پووچەڵ دەکرێتەوە.
ئەنجامەکان شکستێکی گەورەن بۆ هاوپەیمانیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا کرێکارییەکان کە پاڵپشتیی گشتپرسییەکەیان دەکرد، لە کاتێکدا لە بەرژەوەندیی سەرۆکوەزیران جیۆرجیا مێلۆنیدایە، کە دژی ریفراندۆمەکە بوو.
مێلۆنی و لایەنگرە راستڕۆکانی بانگەشەیان بۆ بایکۆتکردنی دەنگدانەکە دەکرد. سەرەڕای ئەوەی مێلۆنی خۆی سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد، بەڵام دەنگی نەدا.
گشتپرسییەکە پێنج پرسیار لەخۆدەگرێت؛ چواریان لەسەر بازاڕی کار و یەکێکیان لەسەر وڵاتینامەیە.
پێنج پرسیارەکە دەڵێن: (کۆتاییهێنان بە سنوورەکانی گەڕاندنەوە بۆ سەر کار دوای دەرکردنی نایاسایی؛ کۆتاییهێنان بە کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی دادوەران لە کەیسەکانی دەرکردندا؛ کۆتاییهێنان بە ئاسانکاری لە بەکارهێنانی گرێبەستی کاتیی کۆمپانیاکان؛ کۆتاییهێنان بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەکاتی روودانی رووداوێک لە گرێبەستە لاوەکییەکاندا و کۆتاییهێنان بە رێسا فراوانەکانی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئیتاڵی) بەشداربووان بە بەڵێ یان نەخێر دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ