ژیانی ئەسەد لە مەنفا؛ لە کۆشکی گەلەوە بۆ باڵەخانە بەرزەکانی مۆسکۆ

09-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین ساڵ لە حوکمڕانی، بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ناچار بوو لە دیمەشق هەڵبێت، ئەمەش دوای رووخانی رژێمەکەی لەسەر دەستی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتیی "دەستەی تەحریری شام" و سەرکردەکەی، ئەبو محەممەد جۆلانی، کە ئەمڕۆ بە ئەحمەد شەرع ناسراوە و سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەکات.  
 
کەناڵی فرانس ئینفۆی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا باسی لە وردەکارییەکانی ژیانی نوێی بەشار ئەسەد لە مۆسکۆ کردووە، لە شوێنی نیشتەجێبوونییەوە دەستپێدەکات. 
 
لەو گەڕەکەی ئەسەد لێی دەژی، شوقەیەکی 119مەتری بە 1.9 ملیۆن دۆلارە
 
بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی بە ئەگەرێکی زۆر لە شوقەیەکی شاهانەدا نیشتەجێن لە یەکێک لە باڵەخانە بەرزەکانی کۆمەڵگەیەکی ناسراو بە ناوی "شاری پایتەختەکان"، کە دەکەوێتە رۆژئاوای مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.
 
ئەم کۆمەڵگە شاهانەیە بە دانیشتووانە دەوڵەمەندەکانی ناسراوە، کە پێکهاتوون لە کەسایەتییە ناودارەکان، بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکان و سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان. بەپێی گوتەی سەرچاوەیەکی رووسی بۆ کەناڵە فەرەنسییەکە، "کرێی مانگانە لەوێ زۆر گرانە"، لە کاتێکدا شوقەیەکی سێ ژووری بە رووبەری 119 مەتر چوارگۆشە بە نزیکەی 1.9 ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشتن خراوەتەڕوو.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری رووسیا کە قسەیان بۆ ئاژانسە فەرەنسییەکە کردووە، ماڵباتەکەی ئەسەد هەر لە شەوی هەڵاتنی لە سووریاوە لەو کۆمەڵگەیەدا جێگیر بوون و خاوەنی چەندین شوقەن لەوێ.
 
بەڵام هەندێ سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە رەنگە ئەسەد ناوچەی رووبلیۆڤکا (Roublevka)ی بۆ ژیان هەڵبژاردبێ کە ئەویش ناوچەیەکی تایبەتە و بە "بێڤرلی هێڵزی رووسیا" ناسراوە و دەستەبژێری سیاسی و دارایی لە دەوروبەری مۆسکۆ تێیدا نیشتەجێن.
 
سامانەکەی ئەسەد بە فڕۆکە گواستراوەتەوە
 
هەرچەندە بە نهێنی و بەپەلە وڵاتەکەیان جێهێشت، بەڵام خێزانی ئەسەد بە دەستی بەتاڵ نەگەیشتوونەتە رووسیا، بەپێی زانیارییەکان، چەند ساڵێک پێش ئێستا دەستیان کردووە بە گواستنەوەی پارەکانیان بۆ رووسیا. 
 
پێشتریش رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی نهێنی کردبوو کە لەنێوان ساڵانی 2018 و 2019دا کراوە و تێیدا فڕۆکەی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری کاش بەکارهێنراوە، کە لە شێوەی دراوی 100 دۆلاری بووە.
 
لە راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لە ساڵی 2022، سامانی خێزانی ئەسەد بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار خەمڵێنرابوو، کە "لە رێگەی تۆڕە ئاڵۆزەکانی قاچاخچێتی، بازرگانیی چەک، مادە هۆشبەرەکان و سەرانە سەندنەوە" کۆکراوەتەوە.
 
دیمەشق داوای دادگاییکردنی دەکات
 
لە 8ی کانوونی یەکەمی پارەوە ئەسەد لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە. مۆسکۆ مافی پەنابەری مرۆیی پێ بەخشیوە.
 
سەرەڕای ئەم دیارنەمانە، بەپێی چاودێران، بوونی ئەسەد لە مۆسکۆ هێشتا وەک هۆکارێکی "گرژیی بێدەنگ" لە پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ هەندێک لایەنی نێودەوڵەتیدا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا بەردەوامن لە داواکردنی رادەستکردنەوەی بە مەبەستی دادگاییکردنی.
 
کەناڵی فرانس ئینفۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع، داوایەکی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پووتین کردووە بۆ ئەوەی ئەسەد رادەستی دیمەشق بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆسکۆ بەدەم داواکەوە نەچووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.