لە لۆس ئەنجلس چی روودەدات؟

09-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چوار رۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەکە لە پێکدادانن. هەموو کێشەکەش لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە. 
 
ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڵێنیدا زۆرترین "پەناخوازی نایاسایی" دیپۆرتی دەرەوەی ئەمریکا بکاتەوە و سنووری مەکسیک و ئەمریکاش دابخات. سەرەتای کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ترەمپ فەرمانی بە ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ یان ئەفسەرانی کۆچ (ICE) کرد، بەسەر ئەو شوێنانە دابدەن پەناخوازی نایاسایی و بێ بەڵگەنامەی لێن، دەستگیریان بکەن و لە ئەمریکا دەریان بکەن. 
 
ئاژانسەکە ئامانجی ئەوەبوو، رۆژانە نزیکەی 3000 پەناخوازی نایاسایی و بێ بەڵگەنامە دەستگیر بکەن. دواجار پەناخوازان لەوە تووڕەبوون و چوونە سەر شەقامەکان.
 
دوای گەورەبوونی خۆپێشاندانەکان لە شاری لۆس ئەنجلس، ترەمپ گوتی، 2000 پاسەوانی نیشتمانی [گاردی نیشتمانی] لە شارەکە بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی "یاسا و ئارامی بچەسپێنن" و "بەرگری لە دامەزراوە حکومییەکان" بکەن.
 
پۆلیس رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 39 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و چەند ئۆتۆمبێلێکیش سووتێنراون. پۆلیس ناوجەرگەی شاری لۆس ئەنجلسی بە "شوێنێکی نایاسایی بۆ کۆبوونەوە و گردبوونەوە" راگەیاندووە و داوای لە خۆپێشاندەران کردووە بچنەوە ماڵەکانی خۆیان.
 
جیم مەکدۆنێڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆس ئەنجلس گوتی، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و ئارام خۆپێشاندان بکات، بەڵام ئەو تووندوتیژییەی روویداوە "قێزەون"ـە و خۆپێشاندانەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچن.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێویست بە پاسەوانی نیشتمانی دەکات، جیم مەکدۆنێڵ گوتی پۆلیس "یەکسەر پەنا بۆ ئەوە نابەن،" بەڵام گوتیشی، "بە سەیرکردنی تووندوتیژییەکانی ئەمشەو، پێموایە دەبێت هەڵسەنگاندنێکی نوێ بکەین."
 
لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا، ترەمپ داوای لە مەکدۆنێڵ کرد ئەوە بکات. ترەمپ گوتیشی: "دەبێت هەرئێستا ئەوە بکات. مەهێڵن ئەم گێرەشێوێنانە دەرباز بن. دووبارە ئەمریکا مەزن بکەنەوە."
 
ئەو هەنگاوەی ترەمپ، جگە لە تووڕەیی زیاتری خۆپێشاندەران، کە زۆربەیان مەکسیکی و خەڵکی ئەمریکای لاتینن، ناڕەزایی کاربەدەستانیشی لێکەوتەوە، بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکرات. ئەوان دەڵێن، ترەمپ خەریکە ئاگر خۆشدەکات و قەیرانی سیاسی دروست دەکات. بەرپرسان داوا دەکەن ترەمپ هێزەکانی بکشێنێتەوە.
 
ناڕەزایەتیی کاربەدەستان
 
گاڤن نیوسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و لە پارتی دیموکراتە، زۆرترین رەخنەی لە ترەمپ و سیاسەتی رووبەڕوونەوەی خۆپێشاندەران گرتووە. نیوسەم دەڵێت، بڵاوەپێکردنی هێز "نایاساییە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە حاکمەکە، کە لە 2019ـەوە ئەو پۆستەی هەیە، لە ئێکس بڵاویکردەوە، پلانی داناوە لەسەر بڵاوەپێکردنی هێز، سکاڵا لە ئیدارەی ترەپ بکات و نووسی: "ئەمە رێک ئەو شتەیە کە ترەمپ ویستی. ئەو ئاگرەکەی خۆشکرد و هەنگاوی نا بۆ ئەوەی پاسەوانی نیشتمانی بە فیدراڵی بکات. ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی کردووە بەسەر کالیفۆرنیا جێبەجێ ناکرێت. ئەو فەرمانە رێگەی پێدەدات بچێتە نێو هەر ویلایەتێک و هەمان شت بکات. ئێمە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین."
 
لە وەڵامدا، کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە ئێکس بڵاویکردەوە: "کاتێک پشێویی تووندوتیژ بۆ چەندین رۆژ لە لۆس ئەنجلس سەریهەڵدا، نیوسەم هیچی نەکرد."
 
کۆشکی سپی لێدوانەکەی نیوسمی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هەمووان ئاژاوە، تووندوتیژی و یاساشکێنییان بینی."
 
لە لێدوانێکی دیکە، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "پشێوییەکانی لۆس ئەنجلس دەیسەلمێنن کە ئێمە بە شێوەیەکی زۆر پێویستیمان بە کارمەند و سەرچاوەی زیاتری جێبەجێکردنی یاسای کۆچە. هەربۆیە پڕۆژەیاساکەی سەرۆک ترەمپ بودجە بۆ لانیکەم یەک ملیۆن دیپۆرتکردنەوەی ساڵانە و دامەزراندنی 10,000 کارمەندی نوێی (ICE)، 5,000 ئەفسەری نوێی گومرگ و 3,000 پۆلیسی سنوور دابین دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە، وەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت، نزیکەی دوازدە ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی، لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، گرووپێکی خۆپیشاندەرانیان لە دەرەوەی باڵەخانەیەکی فیدراڵی لە ناوەندی شاری لۆس ئەنجلس پاشەکشە پێکرد.

 

 
فەرماندەیی باکووری ئەمریکا رایگەیاند، 300 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی کالیفۆرنیا لە سێ شوێنی ناوچەی لۆس ئەنجلس بڵاوەیان پێکراوە.
 
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، پاسەوانی نیشتمانی ئاسایشی دەوروبەری باڵەخانەکان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا دەکەن و بۆ هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا دابین دەکات.
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ساڵ ترەمپ و نیوسەم، بە ئاشکرا بکەونە مشتومڕەوە. نیوسەم دیموکراتێکی دیارە؛ کالیفۆرنیا بە تەنیا چوارەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان وا دادەنرێت کە نیوسەم بەربژێرێکی چاوەڕوانکراوی سەرۆکایەتییە بۆ ساڵی 2028.
 
دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دارستانەکانی لۆس ئەنجلس ئاگریان تێبەربوو، ترەمپ رەخنەی لە سیاسەتی "ئاو"ـی نیوسەم گرت و پێیوابوو، ئاوی ئەو ویلایەتە بەفیڕۆدەدات، بۆیە هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییەکانی لێکرد؛ تەنانەت داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرد.
 
ترەمپ لە 9ـی کانوونی دووەم لە ترووس سۆشیەڵ نووسی: "خەریکە یەکێک لە باشترین و جوانترین بەشەکانی ئەمریکا تا بن دەسووتێت. ئەوێ بووەتە خۆڵەمێش، دەبێت گاڤن نیوسەم دەستلەکاربکێشێتەوە. ئەمە هەموو هەڵەی ئەوە."
 
"هەموو رێکارێکی پێویست"
 
بەشێکی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچی ئیدارەی ترەمپ ئەو دانیشتووانەشی گرتووەتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدان، کە هەندێکیان خاوەنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیین، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی یاسایی.
 
دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ خۆپیشاندەرانی بە "تووندوتیژ و یاخیبوو" وەسفکرد و گوتی، رێنمایی وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە "کە هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر" بۆ راگرتنی ئەو پشێوییە.
 
سەرەڕای تووڕەییەکەی ترەمپ، هێشتا یاسای یاخیبوونی بەکارنەهێناوە، کە یاسایەکی ساڵی 1807ـە و دەسەڵات بە سەرۆک دەدات بۆ بڵاوەپێکردنی سوپای ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی رووداوی نائارامی و پشێوی.
 
رۆژی یەکشەممە کە پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا بیری لێدەکاتەوە ئەوە بکات گوتی، "ئەوە بەندە بەوەی کە ئایا یاخیبوون هەیە یان نا."
 
رۆژی شەممە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری گوتی، پێنتاگۆن ئامادەیە هێزی سەربازیی چالاک بجوڵێنێت "ئەگەر توندوتیژی لە لۆس ئەنجلس بەردەوام بێت."
 
کارین باس، سەرۆکی شارەوانیی لۆس ئەنجلس، ئیدارەی ترەمپی بە هاندانی گرژی لە رێگەی ناردنی پاسەوانی نیشتمانییەوە تۆمەتبار کرد. هەروەها سەرکۆنەی ئەو خۆپیشاندەرانەشی کرد کە تووندوتیژ بوون.
 
باس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "من نامەوێت خەڵک بکەوێتە نێو ئەو ئاژاوەیەی کە پێموایە لەلایەن ئیدارەکەوە بە شێوەیەکی تەواو ناپێویست دروست دەکرێت."
 
کۆشکی سپی دەڵێت، ترەمپ پشتی بە یاسایەکی کەم بەکارهێندراو بەستووە، کە بە "مادەی 10" ناسراوە، رێگە بە فیدراڵیکردنی پاسەوانی نیشتمانی دەدات لەکاتی "یاخیبوون یان مەترسیی یاخیبوون دژی دەسەڵاتی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
 
یاسای یاخیبوون چییە؟
 
یاسای یاخیبوون (Insurrection Act) یاسایەکی کۆنی فیدراڵیی ئەمریکییە کە لە ساڵی 1792 دەرچووە. ئەم یاسایە دەسەڵاتێکی تایبەت دەدات بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی نائاساییدا، پاسەوانی نیشتمانی یان هێزە سەربازییەکانی دیکە لەنێوخۆی وڵاتدا بەکاربهێنێت.
 
دەسەڵاتی بەکارهێنانی سوپا: رێگە بە سەرۆک دەدات سوپا یان پاسەوانی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەنێو شار و شارۆچکەکاندا بەکاربهێنێت، کە ئەمەش کارێکی دەگمەنە.
 
هەنگاوێکی گەورە و هەستیار: بەکارهێنانی سوپا بۆ کاروباری پۆلیسیی ناوخۆیی بە هەنگاوێکی زۆر گەورە و جێی مشتومڕ دادەنرێت، چونکە لە مێژووی نوێی ئەمریکادا کەمجار روویداوە.
 
مەترسیی یاسایی: شارەزایانی یاسایی دەڵێن کە ناونانی خۆپیشاندانەکان وەک "یاخیبوون" بۆ پاساودانی بەکارهێنانی سوپا، لەڕووی یاساییەوە مەترسیدارە. ئەم یاسایە لە بنەڕەتدا بۆ سەرکوتکردنی یاخیبوونی گەورە و راپەڕینی چەکداری داڕێژراوە، نەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانە یان پشێوی و ئاڵۆزیی بچووک.
 
دوایین جار کە سەرۆکێک پاسەوانی نیشتمانی لە ویلایەتێکدا بەبێ داواکاریی حاکمی ئەو ویلایەتە بڵاوەپێکرد، لە ساڵی 1965 بوو، کاتێک سەرۆک لیندن جۆنسن هێزی نارد بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی مافە مەدەنییەکان لە شاری مۆنتگۆمێری، ئالاباما.
 
هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی زۆربەی کات بۆ حاڵەتە فریاکەوتنەکان بڵاوەیان پێدەکرێت، وەک لەم دواییانەدا بۆ زریانەکان یان کارەساتە سروشتییەکانی دیکە، هەروەها لە کاتی پەتای کۆرۆناشدا.
 
ICE چییە؟
 
دەزگەی جێبەجێکردنی یاسای کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) ئاژانسێکی فیدراڵی سەر بە حکومەتی ئەمریکایە. ئەم دەزگەیە لە ساڵی 2003 و دوای یەکگرتنی بەشەکانی هەردوو "دەزگەی گومرگی ئەمریکا" و "دەزگەی کۆچ و وڵاتینامە"ـی پێشوو دامەزرا.
 
ئایس زیاتر لە 20,000 کارمەندی یاسایی و پشتیوانیی هەیە کە لە زیاتر لە 400 نووسینگە لە ئەمریکا و سەرانسەری جیهاندا کار دەکەن. بودجەی ساڵانەی نزیکەی 8 ملیار دۆلارە.
 
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، ICE ئۆپەراسیۆنی جێبەجێکردنی یاسا و دوورخستنەوەی کۆچبەران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکانی "زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای کۆچبەران دژی ئەو کەسانەی کە: "مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی گشتی یان بە شێوەیەکی دیکە سەروەریی سیستمی کۆچ تێکدەدەن."
 
ئۆپەراسیۆنەکانی ئایس بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گشتی پۆلێن کراون، وەک: کۆچبەرە نایاساییەکان کە تاوانیان کردووە و ئەندامی باندە تاوانکارییەکانن. ئەو کەسانەی کە یاساکانی کۆچیان پێشێل کردووە. ئەو کەسانەی کە دوای دەرکردنیان، جارێکی دیکە بە نایاسایی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت