رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا گەمارۆی مرۆیی سەر کەرتی غەززە بە "ئابڕووچوون" و "شەرمەزاری" وەسف دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ رێڕەوێک بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە شاری نیس لە بەشێکی گوتارێکەیدا باسی لە دۆخی مرۆیی غەززە کرد و رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل و حەماس ئاگربەست رابگەیێنن.
گوتەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی دەیان هەزار کەس لە فەرەنسا دژی رێگریی ئیسرائیل لە بەلەمێک کە پڕبوو لە هاوکاری مرۆیی، خۆپێشاندانیان کرد.
بەلەمی مادلین لە 1ـی حوزەیران لە دوورگەی سیسیلیی ئیتاڵیاوە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە بەڕێکەوت. ئەمڕۆ هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر بەلەمەکەیاندا گرتووە و چالاکڤانەکانی "رفاندووە".
خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا لەسەر داوای پارتە چەپڕۆکانی فەرەنسا بەڕێوەچوو. ژان لوک مێڵێنکۆن، سەرۆکی پارتی چەپی خۆنەچەمێن (LFI)، رێگریکردن لە بەلەمەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "چەتەیی" ناوبرد.
هاوکات، ماکرۆن داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو 6 هاووڵاتییە فەرەنسییەی کرد کە لەنێو 12 چالاکڤانەکەی نێو بەلەمەکە بوون.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن "داوای کردووە رێگە بە 6 هاووڵاتییە فەرەنسییەکە بدرێت لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە فەرەنسا."
هەروەها گوتی، فەرەنسا "وریایە" و "پشتگیری لە هەموو هاووڵاتییانی دەکات کاتێک لە مەترسیدان." حکومەتی فەرەنساش داوای لە ئیسرائیل کردبوو "پارێزراویی" چالاکڤانەکان مسۆگەر بکات.
رۆژی 31ـی مانگی داهاتوو، ئیسرائیل ماکرۆنی بە دەستپێکردنی "جەنگێکی خاچپەرستانە دژی دەوڵەتی جووەکان" تۆمەتبار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی تووندتر بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتەبەر، ئەگەر دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە باشتر نەبێت.
بڕیارە لەم مانگەدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا و سعودیە لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت، ببەسترێت.
مانگی نیسان ماکرۆن رایگەیاند، رەنگە فەرەنسا لە مانگی حوزەیراندا دان بە فەلەستیندا بنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ