رووسیا: هێرشەکانمان بۆسەر هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی ئۆکراینا فراوان دەکەین

09-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا فراوان دەکات.
 
دنیپرۆپێترۆڤسک شوینێکی پیشەسازیی گرنگی ئۆکراینایە و لەو کاتەوەی لە شوباتی 2022ـەوە جەنگ دەستیپێکردووە، ئەمە یەکەمین جارە رووسیا هێرشی فراوانی بکاتە سەر.
 
خۆشبوونی ئاگری جەنگەکە هاوکاتە لەگەڵ ساردبوونەوە و چەقبەستنی گفتوگۆی ئاشتی.
 
ئەگەر رووسیا دنیپرۆپێترۆڤسک کۆنترۆڵ بکات، ئەوە زەبرێکی سیمبوولی و ستراتیژی دەبێت بۆ هێزەکانی ئۆکراینا کە چەندین مانگە لە بەرەکانی جەنگ تووشی شکستی یەک لە دوای یەک دەبن.
 
مۆسکۆ کە لە زۆربەی بەرەکاندا پێشڕەوی دەکات، چەندین جار داواکارییەکانی ئۆکراینا، ئەورووپا و ئەمریکای بۆ ئاگربەستێکی تەواو و بێمەرج رەتکردوونەتەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، هێزێکیان بە تانک و زرێپۆشەوە "گەیشتووەتە سنووری رۆژئاوای کۆماری گەلی دۆنێتسک و بەردەوامن لە هێرش بۆنێو هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک."
 
هەرچەندە سەرکردەکانی کیێڤ هیچیان لەو بارەیەوە نەگوتووە، فەرماندەیی سوپای باشووری ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا "واز لە ئامانجەکانی ناهێنێت بۆ چوونە نێو هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، بەڵام جەنگاوەرەکانمان ئازایانە و پیشەییانە سەنگەرەکانیان لە هێڵی پێشەوە چۆڵ ناکەن."
 
دنیپرۆپێترۆڤسک یەکێک نییە لەو پێنج هەرێمەی ئۆکراینا، واتە دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، زاپۆریژیا و کریمیا کە مۆسکۆ وەک خاکی رووسیا هەژماریان دەکات.
 
لە کۆمەڵێک داواکاریی ئاشتیدا کە لە دانوستاندنەکانی 2ی حوزەیران لە ئیستەنبووڵ پێشکێش بە ئۆکراینا کران، مۆسکۆ داوای لە ئۆکراینا کرد بە فەرمی وەک بەشێک لە خاکی رووسیا دان بەو پێنج هەرێمەدا بنێت. بەڵام کیێڤ چەندین جار ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە.
 
مانگی رابردوو لە یەکەم گەڕی گفتوگۆکاندا، ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا هەڕەشەی خێراکردن و فراوانکردنی هێرشەکەی کردووە ئەگەر کیێڤ خۆی بەدەستەوە نەدات.
 
دەیان هەزار کەس لە جەنگە سێ ساڵییەکەدا کوژراون، ملیۆنان کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و شار و گوندەکان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەهۆی هێرشە ئاسمانییە بێوچانەکان و شەڕی زەمینییەوە وێران بوون.
 
نسکۆی ستراتیژی 
 
دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا و جێگری ئێستای سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، پێشڕەوییە نوێیەکە هۆشدارییەکە بۆ کیێڤ.
 
بەرپرسەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "ئەوانەی نایانەوێت لە دانوستاندنەکاندا دان بە راستییەکانی جەنگدا بنێن، راستیی نوێ لە گۆڕەپانەکەوە وەردەگرن."
 
سوپای رووسیا دیمەنی سەربازانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە پیشانی دەدات ئاڵای رووسیا لە گوندی زۆریای هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا هەڵدەکەن.
 
ئۆلێکساندر، ئەفسەرێکی تەمەن 60 ساڵی ئۆکراینایە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، رۆشتنی رووسەکان بۆ ناوچەکە دۆخی شەڕەکە ناگۆڕێت.
 
ئەفسەرەکە لە شارۆچکەی مێژۆڤا، کە نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان هەرێمەکانی دنیپرۆپێترۆڤسک و دۆنێتسکەوە دوورە، گوتی: "ئەوان بە هێواشی پێشڕەوی دەکەن، زۆر هێواش، بەڵام پێشڕەوی دەکەن."
 
ئۆلێکساندەر دەڵێت: "ئەوان دەتوانن بڵێن هەموو ئۆکراینا هی ئەوانە. گوتنی ئەوە شتێکە. بەڵام پێم وانییە بە شێوەیەکی ریشەیی دۆخەکە بگۆڕێت. خۆڕاگریی ئێمە وەک خۆی دەمێنێتەوە."
 
پێش ئەوەی رووسیا هێرشەکەی دەستپێبکات، ژمارەی دانیشتووانی دنیپرۆپێترۆڤسک بە سێ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرا. نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە دنیپرۆی پایتەختی هەرێمەکەدا دەژیان.
 
هەرێمەکە ناوەندێکی گرنگی کانزایی و پیشەسازییە بۆ ئۆکراینا و پێشڕەویی رووسیا بۆ ناوچەکە دەتوانێت کاریگەرییەکی لاوەکیی خراپی هەبێت لەسەر سوپا و ئابوورییە ماندووەکەی کیێڤ.
 
سەربازانی ئۆکراینی پێشتر رایانگەیاندبوو، دەکرێت رووسیا بە شێوەیەکی تا رادەیەک خێرا لە ناوچە دەشتاییەکەدا پێشڕەوی بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەمتر رێگریی سرووشتی یان گوند هەن کە هێزەکانی کیێڤ بتوانن وەک پێگەی بەرگری بەکاریانبهێنن.
 
ناوچەکە و بەتایبەتی شاری دنیپرۆ لە شوباتی 2022ـەوە لەژێر هێرشی بەردەوامی رووسیادان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا