رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەو هێزەی رەوانەی لۆس ئەنجلس کراوە "یاسا و ئارامییەکی زۆر رێکوپێک" دەچەسپێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت سەرباز لە شارەکانی دیکەش بڵاوە پێبکات.
سەبارەت بەو کەسانەی دژی هەڵمەتی ئەفسەرانی کۆچ لە کالیفۆرنیا ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، دۆناڵد ترەمپ بە پەیامنێرانی گوت، "خەڵکی تووندوتیژ هەن و ئێمەش رێگەیان پێنادەین دەرباز ببن."
ترەمپ گوتی، "پێم وایە هەمووتان جێبەجێکردنی یاسا و ئارامییەکی زۆر رێکوپێک دەبینن،" ئەوەش لە ئەنجامی گواستنەوەی هێز بۆ لۆس ئەنجلس.
سەرۆکی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی مۆریستاون لە ویلایەتی نیوجێرسی قسەی بۆ پەیامنێران کرد.
چەند خولەکێک پێشتر، هێزەکان لەو شارەی کالیفۆرنیا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنابوو و ژمارەیەکی کەم لە خۆپێشاندەرانیشیان لە دەرەوەی بنکەیەکی دەستبەسەرکردن لە لۆس ئەنجلس دوورخستبووەوە.
سەتان ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی گاڤین نیوسەم، پارێزگاری کالیفۆرنیا، بڵاوەیان پێکرا. نیوسەم رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بۆ "دروستکردنی قەیرانێک" نراوە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بەڵێنیان داوە بە تووندی رووبەڕووی ئەو خۆپێشاندانانە ببنەوە کە دوو رۆژە بەردەوامن، دوای ئەوەی ئەفسەرانی کۆچی ئەمریکا لە ناوچەی لۆس ئەنجلس چەند هەڵمەتێکیان ئەنجام دا، ئەوەش کاردانەوەی تووڕەی دانیشتووانی لێکەوتەوە.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ پشتی بە یاسایەکی کەم بەکارهێندراو بەستووە، کە بە "مادەی 10" ناسراوە، رێگە بە فیدراڵیکردنی پاسەوانی نیشتمانی دەدات لەکاتی "یاخیبوون یان مەترسیی یاخیبوون دژی دەسەڵاتی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
هەروەها "یاسای رووبەڕووبوونەوەی یاخیبوون"ی ئەمریکا دەسەڵاتێکی فراوان دەداتە سەرۆک بۆ بڵاوەپێکردنی سوپا لە نێوخۆی وڵات و بەکارهێنانی بۆ جێبەجێکردنی یاسا، هەرچەندە ترەمپ تاوەکو ئێستا پەنای بۆ نەبردووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو کارە دەکات، ترەمپ گوتی، "ئێمە سەیری (ئەگەری) بڵاوەپێکردنی هێز دەکەین لە هەموو شوێنێک. رێگە نادەین ئەمە (دۆخێکی خراپ) بەسەر وڵاتەکەماندا بێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە پێوەر چی دەبێت بۆ ناردنی هێزی پیادەی دەریاوانی ئەمریکا لەبری پاسەوانی نیشتمانی، ترەمپ گوتی، خۆی بڕیاری لەسەر دەدات و گوتی: "پێوەرەکە ئەوەیە کە من پێم وایە" کەی پێویستە ئەو کارە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ