ماکرۆن: قسەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد و نیگەرانیی قووڵم پێ راگەیاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی گفتوگۆی کردووە و "نیگەرانیی قووڵ"ی پێ راگەیاندووە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم بەیانییە لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا گفتوگۆی کردووە و دەشڵێت، "نیگەرانیی قووڵی خۆمانم پێ راگەیاند سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە سووریا و بەردەوامیی ئەو هێرشانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن."
 
سەرۆکی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکرێت و دەبێت رێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی مانگی ئازاری رابردوو. یەکێتی و سەقامگیریی سووریا بەندە بەمەوە."
 
 
لە 6ی ئەم مانگەدا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، وێڕای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە فەرمی، هێرشەکانی ئەو سوپایە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە و رانەگیراوە.
 
حکومەتی سووریا دەڵێت، هەسەدە "خۆی رێکدەخاتەوە"، درۆن بەکاردەهێنێت و بەپێی رێککەوتنەکان نەکشاوەتەوە. حکومەت ناوچەکانی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە بۆ پاساوی پێشڕەوییەکانی و داوا لە هەسەدە دەکات بە تەواوی بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە.
 
هەسەدەش جووڵەکانی حکومەت بە "ناپاکی" و پێشێلکردنی ئاگربەست ناودەبات و دەڵێت، هێرشەکان ئەو ناوچانەشی گرتووەتەوە کە نابێت بکرێنە ئامانج. هەسەدە هۆشداری دەدات کە لەدەستدانی ئەو ناوچانە مەترسی لەسەر زیندان و کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی داعش دروست دەکات.
 
لە هۆشدارییەکی بەپەلەشدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، "مەترسی لەسەر کەمپی هۆل هەیە،" کە چەکدارانی داعش و ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە.
 
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان گوتی، "بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دیمەشقەوە لە دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 40 هەزار کەس لە تەبقە و رەققە ئاوارە بوون و هاتوونەتە حەسەکە."
 
رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە. لە نوێترین لێدوانیدا، کە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بڵاویان کردووەتەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نیگرانیی خۆی لە دۆخەکە دەربڕیوە و دەڵێت، ئامادەیە رۆڵ بگێڕێت بۆ چارەسەر.
 
هاوکات، سەرۆک بارزانی لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاندووە، "هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە رابگیرێن."
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەکهەڵگرتنی گشتیی راگەیاند و داوای "شەڕی مان و نەمان" دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی. وێنە: AFP

ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە هەوڵی سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ ئێران بدەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە داوای کۆتاییهێنانی فەرمانڕەوایی 37 ساڵەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئێران بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا بگەڕێین." ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی وڵاتەکە کە داوای رووخانی دەسەڵاتیان دەکرد، روویان لە کەمبوونەوە کردووە.