دوای بلینکن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەچێتە چین و دەڵێت پەیوەندییەکانیان باشتر دەبن

09-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین یارمەتیدەر بوون بۆ دانانی پەیوەندییەکانیان لەسەر "بناخەیێکی متمانەپێکراوتر"، ئەمەش دوای ئەوەی کە کۆتایی بە گەشتێکی خۆی بۆ پەکین هێنا کە ئامانجی سەقامگیرکردنی پەیوەندییە پڕ لە مەترسییەکانی نێوان دوو ئابوورییە هەرە گەورەکەی جیهان بوو.
 
لە گەشتەکەیدا کە چوار رۆژی خایاند و لە دوای سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چین هات، یێڵن جەختی لەسەر پێویستیی هەبوونی کێبڕکێیەکی ئابووریی تەندروست و باشترکردنی پەیوەندیی واشنتن و پەکین کردەوە؛ هەروەها داوایکرد کە ئەو دوو وڵاتە پێکەوە دژی ئەو "هەڕەشە بنچینەییانە" کاربکەن کە گۆڕانی کەشوهەوا دروستیان دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پەکین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە پێمان وایە جیهان بەشی ئەوە گەورەیە کە هەردوو وڵاتمان پێکەوە تێیدا گەشە بکەین."
 
خانمە وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەردوو وڵات ئەرکێکیان لەسەر شانە کە بەرپرسیارانە ئەم پەیوەندییە بەڕێوەببەن، بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ ئەوەی پێکەوە بژین و بەشداری لە خۆشگوزەرانی جیهانیدا بکەن".
 
ئەگەرچی پێشکەوتنی بەرچاوی لێ سەوز نەبوو، گەشتەکەی یێڵن هەوڵەکانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین بەهێزتر دەکات.
 
رۆژی شەممە، میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی یێڵن لەگەڵ هێ لیفنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین رێککەوتنێکی بۆ "بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان" لێکەوتەوە؛ هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە هاوئاهەنگی.
 
یێڵن ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەکاتێکدا "ناکۆکییەکی بەرچاو" لەنێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە، بەڵام دانوستانەکانی لە پەکین "بنچینەیی و بەرهەمدار" بوون.
 
یێڵن گوتیشی، "کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانم، کە کۆی گشتی نزیکەی 10 کاژێر بوون لە ماوەی دوو رۆژدا، وەک هەنگاوێک بوون بۆ پێشەوە لە هەوڵەکانماندا بۆ دانانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین لەسەر بنەمایەکی متمانەپێکراوتر. پشتڕاستم کە کە پەیوەندییەکی بەردەوامتر و ئاساییترمان دەبێت".
 
سەرچاوەی گرژییەکان
 
لە پێشەنگی لیستی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، ئەو کۆتوبەندە بازرگانییانە دێن کە واشنتن سەپاندوونی، کە بە گوتەی خۆیان، بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی گرنگن.
 
رۆژی یەکشەممە یێڵن گوتی، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی چین جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێوشوێنەکانی واشنتۆن "بەدەستهێنانی سوودی ئابووریی" نییە بەسەر چینەوە، بەڵکو "پاڵنەری ئەم کارانە بریتییە لە رەچاوکردنی بێ پێچ و پەنای ئاساییشی نیشتمانی"ی ئەمریکا.  
 
لەکاتێکدا ئەمریکا بیر لە کۆتوبەندی نوێ دەکاتەوە کە دەتوانن بە شێوەیەکی تووندتر وەبەرهێنانی ئەمریکا لە چین رێکبخەنەوە، یێڵن گوتی هەر هەنگاوێکی نوێ لەو بارەوە بنرێت، بە "شێوەیەکی شەفاف" جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هاوکات گوتی، "جەختم لەوە کردەوە کە ئامانجەکانی ئەو [کۆتوبەندانە] بەشێوەیەکی ورد و بە روونی دیاری دەکرێن و ئاراستەی چەند کەرتێک دەکرێن کە مایەی نیگەرانیی تایبەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمەن".
 
یێڵن ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەمەوێت ترسەکانیان لەوەی کە ئێمە شتێک بکەین کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی چین هەبێت، کەمبکەمەوە. شتەکە بەو جۆرە نییە و ئامانجیشمان ئەوە نییە."
 
یێڵن هاوکات باسی لەوە کرد، "نیگەرانی جیدی" لەبارەی "کارە ئابوورییە نادادپەروەرانەکانی پەکینی" لەگەڵ بەرپرسانی چین وروژاندووە.
 
یێڵن ئاماژەی بە بەربەستەکانی بەردەم کۆمپانیا بیانییەکان کرد بۆ چوونە نێو بازاڕی چین و هەروەها پرسەکانی پەیوەست بە پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری. 
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە "نیگەرانییەکانی" خۆی "سەبارەت بە زیادبوونی ئەم دواییەی کردەوەی هەراسانکەر دژی کۆمپانیا ئەمریکییەکان" دەربڕیوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ تووندکردنی رێکارەکان لەلایەن چینەوە دژی کۆمپانیا ئەمریکییەکان. 
 
لە مێزگردێکدا رۆژی شەممە یێڵن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و چین، وەک دوو وڵات کە زۆرترین گازی گەرمکەر دەردەدەن، پێویستە لە بواری پارەدارکردنی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا پێکەوە کاربکەن. 
 
یێڵن گوتیشی، "پێویستە ئەمریکا و چین پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەڕەشە بنچینەییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە