بۆمبی هێشوویی چییە و بۆچی زیاتر لە 100 وڵات قەدەخەیانکردووە؟

09-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
بۆمبی هێشوویی بە فڕۆکە فڕێدەدرێتە خوارەوە
بۆمبی هێشوویی بە فڕۆکە فڕێدەدرێتە خوارەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا بە بڕیاری ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکراینا، نەک تەنیا رووسیای نیگەران کردووە، بەڵکو هاوپەیمانەکانیشی خستووەتە دڵەڕاوکێوە، چونکە ئەو چەکە مەترسیدارە لە لایەن زیاتر لە 100 وڵاتەوە قەدەخەکراوە. تەنانەت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دانی بەوەدا نا کە ئەو بڕیارە سەخت بووە، بەڵام گوتی ئۆکراینییەکان پێویستیان بە تەقەمەنییە. 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، ناردنی ئەو چەکە بۆ ئۆکراینا دەریدەخات کە واشنتن و کیێڤ "هیچیان بەدەستەوە نەماوە"، بەڵام یوری ساک، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، ئەو چەکانە یارمەتیی هێزە ئۆکراینییەکان دەدەن بۆ ئەوەی "سەنگەرەکانی رووسیا ئاسانتر ببڕن.
 
بۆمبی هێشوویی ئەوانەن کە پڕن لە بۆمب و تەقەمەنیی بچووک. بە فڕۆکە فڕێدەدرێنە خوارەوە یانیش لە زەوییەوە دەهاوێژرێن و بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی هێندەی چەند یاریگەیەکی تۆپی پێدا بڵاودەبنەوە.  
 
لەبەر ئەوەی ئەم چەکانە بە گشتی بە بارووت پاڵیان پێوە نانرێت، بەڵکو سەربەستانە بەردەدرێنە خوارەوە، دەکرێت زۆر لە ئامانجەکەیان دوور بکەونەوە و شوێنی دیکە بپێکن؛ ئەمە ئەگەر بە شێوەیەکی نەگونجاو یانیش لە کاتی هاتنی بادا، بهاوێژرێن. 
 
مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە دەکرێت هەموو بۆمبە بچووکەکان نەتەقنەوە و هەندێکیان وەکو مین بکەونە سەر زەوی و چەندین ساڵ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، بە خەڵکدا بتەقنەوە. هەربۆیە پەیماننامەی ساڵی 1997ی ئۆتاوا قەدەخەیان دەکات. 
 
بە واژۆکردنی پەیماننامەی ئۆسلۆ، زیاتر لە 100 وڵات بەڵێنیانداوە ئەو شوێنانەی بەم چەکە پیسبوون، پاکیان بکەنەوە کە کارێکی دوور و درێژ و مەترسیدارە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.