سەرۆکی رووسیا بەرزترین مەدالیا بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەبەخشێت

09-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا بەرزترین مەدالیای مەدەنیی وڵاتەکەی بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەبەخشێت.
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی تەممووزی 2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە رێوڕەسمێکدا بەرزترین مەدالیای مەدەنیی وڵاتەکەی پێشکێش بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان کرد.
 
ئەو مەدالیایەی پووتین پێشکێشی نارێندرا مۆدی کرد بریتی بوو لە ملوانکەیەک و لە ساڵی 1698ەوە بەرزترین رێزلێنانی مەدەنیی ئیمپراتۆری رووسیا، یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو و رووسیای ئێستا بووە. 
 
دیارییەکە بە سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتییە سەربازییەکان، زانا و ئەو کەسانە دەدرێت کە بوونەتە هۆی خۆشگوزەرانی، بوونی ئاسایش و پاراستنی سەروەریی رووسیا.
 
بەگوێرەی نەریتی رووسیا، هەر کەسێک دیارییەکە وەربگرێت وێنەیەکی لە مۆزەخانەی ناوەندیی رووسیا لە مۆسکۆ دادەندرێت. 
 
دوایین کەس خەڵاتەکەی وەرگرتبێت، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووسیا بوو کە لە ساڵی 2020 بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان رووسیا و وڵاتەکەی، خەڵاتەکەی پێدرا. 
 
سەرۆکوەزیرانی هیندستان دوێنێ دووشەممە گەیشتە رووسیا و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبوویەوە و هەردوولاش جەختییان لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کردەوە.
 
هیندستان پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەگەڵ رووسیا هەیە و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناش، سەرەڕای ئەوەی رووسیا لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە سزای ئابووری خرایە سەر، بەڵام هیندستان کڕینی نەوتی رووسیای گەیاندە بەرزترین ئاست.
 
هەڵوێستی هیندستان لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە ئەوە بووە کە هەردوولا دەبێت بچنە سەر مێزی دانوستاندن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە