رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کرا و مۆسکۆ بەوە تۆمەتبار کرا کە "بەشێوەیەکی سیستماتیکی" هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا.
رۆژی سێشەممە، 9ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی لەبارەی هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا رێکخست.
جۆیس سویا، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی گوتی، "بەمەبەست هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە تاوانی جەنگە و ئەنجامدەرانی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
رۆژی دووشەممە، 08-07-2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا بە نزیکەی 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە ژمارەیەک شاری ئۆکراینا، لەوانەش نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە کیێڤ.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا، لە هێرشەکەدا لانیکەم 33 هاووڵاتی سڤیل کوژران و زیاتر لە 120 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا سێرگی کیسلیتسیا، باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند وێنەیەکی پیشانی ئامادەبووان دا و گوتی، "رووسیا بە مەبەست هێرش دەکاتە سەر لاوازترین و بێ بەرگریترین گرووپەکانی کۆمەڵگە."
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی بە "مەترسیدار" ناوبرد و گوتی، "هێرشەی دوێنێی رووسیا ئەوەی روون کردەوە کە پووتین نایەوێت ئاشتی بێتە ئاراوە."
چینیش کە بەردەوام داوای کردووە رووسیا و ئۆکراینا بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، باڵیۆزەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "چین بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشبردنی گفتوگۆی ئاشتی."
ڤازلی بێبێزییا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا بووەتە هۆی ئەوەی زیان بە نەخۆشخانەکە بکەوێت و گوتی، "ئەگەر ئەو هێرشە لەلایەن رووسیاوە بکرایە، ئەوا باڵەخانەکە نەدەما و زۆربەی منداڵان و ئەو کەسانەی دیکەش لە نەخۆشخانەکەدا بوون دەکوژران یان بریندار دەبوون."
لەو کاتەوەی شەڕی نێوانیان لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، هەردوولا بە شێوەیەکی فراوان درۆنی بۆمبڕێژکراوی دووربڕ دژی یەکدی بەکاردەهێنن.
ئەم ساڵ، ئۆکرینا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی رووسیا زیادکردووە، بە دیاریکراویش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا کە سووتەمەنی بۆ سوپای رووسیا دابین دەکەن.
رووسیا لە ئایاری ئەم ساڵ دەستی بە هێرشێکی نوێی گەورە بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد بۆ ئەوەی ناوچەیەکی دابرێنەر دروستبکات و پاشەکشە بە هێزەکانی ئۆکراینا بکات و تاوەکو دوورهاوێژەکانیان نەگەن بە هەرێمی بێلگرۆدی رووسی.
لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، رووسیا نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتی سیڤیلی ئۆکراینی بەهۆی جەنگەوە کوژراون و 13 هەزاریشیان بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ