رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق بە "زۆر چالاک و چڕ" وەسفکرد و ستایشی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان بەغدا و پاریسی کرد، هاوکات جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی فەرەنسا بۆ مافەکانی کورد و بەشدارییان لە داهاتووی سووریادا کردەوە.
کریستۆف لیموان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەهیان تەحسین کە رۆژی پێنجشەممە کاژێر17:00 پەخش دەکرێت گوتی: "عێراق رۆڵێکی زۆر گرنگ و چالاکی لە ناوچەکەدا هەیە و کۆنفرانسی بەغدا هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لەو ئاراستەیەدا."
ئاماژەی بە کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوئاهەنگی و هاوبەشی دەکرد، کە یەکەمجار لە ساڵی 2021 بە پشتیوانیی پاریس بەڕێوەچوو و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە تێیدا بەشداربوون. لە مانگی ئاداردا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و تێیدا باسیان لە ئەگەری بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی بەغدا کرد.
لە کانوونی دووەمی 2023، سوودانی و ماکرۆن لە پاریس چەندین رێککەوتنی ستراتیژییان بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کرد.
لیموان گوتی: "ئێمە پەرۆشین بۆ هەمەجۆرکردنی بازرگانی فەرەنسا لە عێراق."
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا نزیکەی 60 کۆمپانیای فەرەنسی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و وەبەرهێنان بکەن. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس، رەخساندنی هەزاران هەلی کار و کردنەوەی رێگەیە بۆ بڕاندە فەرەنسییەکان لە هەرێمی کوردستان.
لە مانگی ئایاردا، بەرپرسان و بازرگانانی فەرەنسی، عێراقی و کورد لە پاریس لە کۆڕبەندێکی گەورەی بازرگانی و وەبەرهێناندا کۆبوونەوە، کە تێیدا بەغدا و هەولێر عێراقیان وەک شوێنێکی سەقامگیر و لەبار بۆ وەبەرهێنان ناساند.
بەگوێرەی یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، تاوەکو مانگی ئایاری 2024، قەبارەی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 3 ملیار دۆلار لە چەندین کەرتی جیاوازدا.
لیموان جەختی کردەوە: "ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستانی عێراق و فەرەنسا."
فەرەنسا مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ گەلی کورد هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان کاتێک دانیال میتێران، خانمی یەکەمی ئەوکاتی فەرەنسا، بووە داکۆکیکارێکی دیاری مافی ئەو کوردانەی لەژێر دەستی سەدام حوسێندا دەچەوسانەوە.
ئەو رۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین لەسەر هەرێمی کوردستان دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991، کە رێگەی بە کورد دا ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمی دامەزرێنێت. میتێران هێشتا بە "دایکی کوردان" ناسراوە و لە ساڵی 1992 بەشداریی لە کردنەوەی یەکەمین پەرلەمانی کوردستاندا کرد.
فەرەنسا و داهاتووی سووریا
فەرەنسا رۆڵێکی کارای لە سووریاشدا گێڕاوە و پشتیوانی لە پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی دەکات، هاوکات داوای بەشداریپێکردن و رێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی و ئایینیی سووریا دەکات.
لیموان گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لە دەسەڵاتە نوێیەکانی دیمەشق کردووە، بەڵام ئەم پشتیوانییە، وەک هەمیشە گوتوومانە، تەنیا بە یەک مەرج بەستراوەتەوە: رێزگرتن لە فرەیی سووریا و فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی."
هەروەها گوتیشی: "ئێمە هەمیشە بە دەسەڵاتە نوێیەکانی دیمەشقمان گوتووە کە ئەم گواستنەوە دیموکراسییە نوێیەی کە ئێستا سەرکردایەتیی دەکەن، دەبێت بە تەواوی گشتگیر بێت و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا و بەتایبەتیش کورد لەخۆبگرێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نۆیل بارۆ، لە مانگی نیساندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە و داوای رێزگرتنی لە مافەکانی کورد لەو وڵاتەدا کرد.
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووە و لەم دواییانەشدا بۆ ئاسانکاریکردنی دیالۆگی نێوان لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، بەشداریی لە هەوڵەکاندا کردووە.
لە کۆتایی مانگی نیساندا، کۆمەڵێک لایەنی سیاسیی کورد لە سووریا راگەیێندراوێکی هاوبەشی دەگمەنیان دەرکرد و داوای سیستمێکی ناناوەندی و دیموکراسییان کرد کە مافەکانی کورد مسۆگەر بکات.
سەرۆکایەتیی سووریا ئەو هەنگاوەی سەرکۆنە کرد و بە پێچەوانەی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەی زانی.
ئەو رێککەوتنە دانی بەوەدا نا کە کورد بەشێکی دانەبڕاوی سووریایە، ئاگربەستێکی سەرتاسەری راگەیاند و هەنگاوەکانی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا و دامەزراوەکانی حکومەتدا خستەڕوو.
فەرەنسا پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێ وڵاتەکەی پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە دەکەن.
لیموان بە رووداوی راگەیاند: "هەمیشە پێمان وابووە خەباتی چەکداری چارەسەر نییە و چارەسەر دەبێت زیاتر سیاسی بێت، دەبێت زیاتر لەسەر بنەمای وتووێژ بێت لەگەڵ حکوومەتی تورکیا. بۆیە ئێمە پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەک و گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی وتووێژ و گفتوگۆ."
ئەو گوتەبێژە هیواخوازە: "ئەو بانگەوازەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کاتی هەڵوەشاندنەوەکەدا کردی، بانگەوازێک بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا.''
لیموان دەڵێ: "هیواخوازین ئەم پەیامە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەوە ببیسترێت و چارەسەرێک بۆ لەخۆگرتنی کورد لەناو چوارچێوەی سیاسیدا بدۆزرێتەوە، چونکە پێمانوایە دەبێت ئەم بازنەی تووندوتیژییە کۆتایی پێبێت و هیچ چارەسەرێک لە توندوتیژیدا نییە، بەتایبەتی بۆ کەمینەی کورد لە تورکیا."
فەرەنسا: هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نییە
فەرەنسا لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەر زوو داوای گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان کرد، ئێستاش هەمان بۆچوونی هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند: "ناتوانرێت چارەسەرێکی سەربازی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەبێت، بژاردەی سەربازی چارەسەر نییە، تەنیا چارەسەری گونجاو چارەسەری دیپلۆماسییە."
راشیگەیاند: "تەنیا رێگە بۆ ناچارکردنی وڵاتێک بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی لە بواری بەرنامەی ئەتۆمیدا لە رێگەی دانوستاندن و لە رێگەی رێککەوتنێکەوەیە کە بە روونی ماف و ئەرکەکانی ئەو وڵاتە دیاری بکات، لەگەڵ پرسی توانای پشتڕاستکردنەوەی بەرنامەکە."
بەرپرسەکەی فەرەنسا هەروەها دەڵێ: "دڵخۆشین بەو ئاگربەستەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیێندرا، چونکە دووبارەی دەکەمەوە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە، لەبەر ئەوەی ئەو هێرشانە بوونە هۆی ژمارەیەکی زۆر قوربانیی مەدەنی و ئەمەش جێی قبووڵ نییە. ئێستا دەبێت خولێکی نوێی دانوستاندن دەست پێ بکاتەوە."
هەروەها دەڵێ: "ئێستا لە دۆخێکداین دەبێت دانوستاندنەکان دەست پێ بکەینەوە، بەڵام ناتوانین لەو خاڵەوە دەستی پێبکەینەوە کە پێش هێرشەکان جێمان هێشتبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ