رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، بڕی هاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئۆکراینییەکان زیاتر دەکەن و لە بەرنامەیاندایە بیگەیێننە 4.3 ملیار دۆلار؛ بەنیازیشن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هاوکاریی مرۆیی و دارایی بگەیێننە زیاتر لە 17 ملیۆن ئۆکراینی.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و سۆڵەدا، دۆخی ئۆکراینییەکان زۆر خراپتر ببێت، هەربۆیە پلانیان داڕشتووە کە هاوکارییە سەرەتاییەکان بگەیێننە ئەو ئۆکراینیانەی لە دۆخێکی خراپدان و ناتوانن دەستیان بە ئاوی خاوێن و کارەبا و غاز بگات.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەرنامەی هاوکارییە مرۆییەکانمان زیاد کردووە لە 2.25 ملیار دۆلارەوە بۆ 3.3 ملیار دۆلار. لە چەند مانگی داهاتووشدا، زیاتر لە 17.7 ملیۆن ئۆکراینی پێویستیان بە هاوکارییە. لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی جەنگەکەشدا 2.3 ملیۆن ئۆکراینی هاوکاریی مرۆییان پێگەیشتووە."
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی جەنگی ئۆکراینادا 15 ملیۆن و 700 هەزار ئۆکراینی زیانیان بەرکەوتووە. هەر لەو ماوەیەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە 11.7 ملیۆن کەس.
هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیشی ئاشکراکردووە، بۆ دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ تەواوی ئۆکراینییەکان بڕی 4.3 ملیار دۆلار پێویستە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش دەبێت هاوکارییە سەرەتاییەکان بگاتە دەست 17 ملیۆن و 700 هەزار ئۆکراینی.
لەدوای هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر ئۆکراینا لە 24ی شوباتی ئەمساڵ، جگە لە کوشتن و برینداربوونی هەزاران سەربازی رووسی و ئۆکراینی، قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە ئۆکراینا دروستبوو و تائێستاش زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆکراینی چوونەتە دەرەوە و زیاتر لە شەش ملیۆنی دیکەش ئاوارە بوون.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکراینا بەردەوام بێت و دۆخی نالەباری ئۆکراینییەکان لەبیر نەکەن، بەتایبەتی ئەو ئۆکراینیانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا دەژین، وەکو ناوچەکانی هەرێمی دۆنباس لە باشووری ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ