رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە حەوت رۆژی یەکەمی ئەم مانگەدا 736 کۆچبەر بە 15 بەلەم لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، دەستیان بە وەرگرتن و دامەزراندنی کارمەند کردووە بۆ ئەو هێزە نوێیەی بڕیاروایە سنوورە ئاوییەکان دژی کۆچبەران بپارێزن.
لە رۆژانی رابردوودا، 736 کۆچبەر بە 15 بەلەم لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
بەپێی داتای وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، ئەو 736 کۆچبەرە، لە 1ی ئاب تاوەکو 7ی ئابی 2024 بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەیشتوونەتە ئەوبەر.
سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران نەیانتوانیوە بگەنە بەریتانیا و لە فەرەنسا ماونەتەوە. وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هێزێكی نوێ بۆ پاراستنی سنوورەکان بەردەوامن و ئێستا لە قۆناخی دامەزراندن و پەیداکردنی کارمەندی کارامەن بۆ ئەو هێزە نوێیە.
وەکو لە وردەکارییەکانی دروستکردنی هێزەکەدا دەردەکەوێت، کە حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، هێزێکی هاوشێوەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێت و مەشقپێکراو و بە باشی پڕچەککراو دەبێت.
ئەرکی ئەو هێزە ئەوە دەبێت کە رێگە بگرێت لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە رێگەی ئاوەوە بۆ نێو بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ