جیهان
ژمارەیەک کۆچبەری ئۆکراینی لەکاتی گەیشتنیان بۆ سوێد لە مانگی ئاداری 2022. وێنە: Johan Nilsson / REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی سوێد رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ وڵاتەکە کەمترین ژمارەی پەناخوازان وەردەگرێت، بۆ یەکەمجاریش لە 50 ساڵی رابردوودا "ئەوانەی لە سوێدەوە کۆچ دەکەن، زیاترن لەوانەی کۆچ دەکەن بۆ ئەو وڵاتە."
رۆژی پێنجشەممە 9ی ئابی 2024 وەزارەتی دادی سوێد رایگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوێد، ئەم ساڵ سوێد کەمترین ژمارەی پەناخوازان لە ساڵی 1997ـەوە وەردەگریت."
دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوێد ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ یەکەمجار لە 50 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەوانەی سوێد بەجێدەهێڵن زیاترە لەوانەی دەچنە ئەو وڵاتە.
ئەو کەسانەی کە لە سوێدەوە دەچنە وڵاتانی دیکە، دەکرێت هاووڵاتیی سوێدی بن، یاخود ئەو پەناخوازانەی کە لەو وڵاتە بێهیوا بوون لە وەرگرتنی مافی مانەوە.
ژمارەی پەناخوازان 'لە ئاستێکی مێژوویی نزم'دایە
رۆژی پێنجشەممە ماریا مالمەر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی سوێد لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ نزیکەی 5700 کەس سوێدیان بەجێهێشتووە.
لەبارەی ئەو کەسانەی داوای مافی مانەوەیان لەو وڵاتە کردووە، ماریا گوتی، "ژمارەی داواکارانی مافی مانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی نزم، پێدانی مۆڵەتی مانەوە لە دابەزینی بەردەوامدایە."
کەمبوونەوەی ژمارەی پەناخوازان
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوێد بڵاویکردوونەتەوە، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی ئەم ساڵ چوونەتە سوێد، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 15% دابەزیوە.
هەر بەگوێرەی هەمان دەزگا، ژمارەی ئەوانەی لە پێنج مانگی سەرەتای یەکەمی ئەم ساڵ سوێدیان بەجێهێشتووە، 60% زیادیکردووە.
ساڵی پار، ئەو پەناخوازانەی کە خەڵکی عێراق، سۆماڵ و سووریا بوون و چووبوونە سوێد، بە شێوەیەکی فراوانتر دەستیان کردووە بە رۆیشتن لەو وڵاتە.
سوێد لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر کرد، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە جەنگیان تێدایە، وەکو یۆگسلاڤیا، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ