جیهان
لە چەپەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. وێنە: GETTY
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە. دەشڵێت، پێویستە ئەورووپی و ئۆکراینییەکان بەشداری گفتوگۆکانی ئاگربەست بۆ جەنگی ئۆکراینا بکەن.
رۆژی شەممە، 9ـی ئابی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کرد.
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا" لە چوارچێوە و لەژێر بنەمای "هاوپەیمانی هیوا" کە لەلاین وڵاتانی رۆژئاواوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا پێکهێنراوە.
سەرۆکی فەرەنسا لە نووسینەکەیدا گوتیشی، "ناکرێت داهاتووی ئۆکراینا بەبێ ئۆکراینییەکان بڕیاری لێبدرێت کە سێ ساڵە بۆ ئاسایش و ئازادییان دەجەنگن". ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە ئەورووپییەکان بەشێک بن لە چارەسەر لەکاتێکدا کە ئاسایشەکەمان لە مەترسیدایە".
ئەو گوتانەی سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێکدان بڕیارە 15ـی ئاب، لە ویلایەتی ئالاسکا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی جەنگی کیێڤ و مۆسکۆ. کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداری سەرۆکی ئۆکراینا و هیچ سەرکردەیەکی ئەورووپی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ