رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا و راپرسییەکانیش لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانییەکەی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و پارتی یەکێتیی کریستیان سۆسیالدا نین.
نوێترینی راپرسییەکان دەریدەخەن، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، ئەو هاوپەیمانییە تەنیا نزیکەی 21%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا 32.9%ی دەنگەکانی بردەوە.
بە گوێرەی نوێترینی راپرسییەکان، پارتی سۆسیال دیموکرات 25%، پارتی سەوزەکان 16%، پارتی دیموکراتی ئازاد 12%، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 11% و پارتی چەپەکان 6%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، هێشتا بۆ دیاریکردنی براوە زووە و دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا زۆر شت بگۆڕێن.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئێمە لە ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردنداین و پێموایە بانگەشەیەکی جیددی هەیە، هەموو شت لە کۆتاییدا یەکلادەبێتەوە. بەرپرسانی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و کریستیان سۆسیال دەزانن بەبێ هەوڵ پۆستی راوێژکاری بەدەستناهێندرێتەوە، ئەوەش دوای 16 ساڵ هەبوونی ئەو پۆستە لای ئێمە".
پارتی سۆسیال دیموکرات لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا 25.5%ی دەنگەکانی بردەوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش ئێستا خاوەنی 152 کورسییە لە 709 کورسییەکەی پەرلەمانی وڵات.
پارتەکە پاڵپشتی لە بەهێزبوونی پێگەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات و جەخت لە پێکەوەکارکردنی ئەو هاوپەیمانییە ئەوروپییە و ئەمریکا دەکاتەوە؛ بەربژێرەکەشی بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، متمانەی دەنگدەرانی لەدەستنادات، ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرێت.
ئولاف شوڵز، بەربژێری سۆسیال دیموکرات بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "باوەڕم وایە کە هاووڵاتییانمان و خەڵک بە روونی دەنگ دەدەن و باشترین رێگەش بۆ ئەو مەبەستە بریتییە لە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ بڕیاردان لەوەی کێ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو دەکات. دڵنیایی دەدەمە ئەو کەسانەی کە متمانەیان بە پارتەکەم و من هەیە کە گرنگی بەو بنەمایانە دەدەم بۆ ئاسایشی ئەڵمانیا گرنگن".
گۆڕانکارییەکانی بواری کەشوهەوا بوونەتە بەشێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان. پارتی سەوز دەڵێت، ئەو پارتانەی لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا دەسەڵاتداری ئەڵمانیا بوون، ناتوانن چارەسەری ئەو قەیرانە بکەن، هەربۆیە داوا لە خەڵکی وڵات دەکات، یارمەتیدەر بن بۆئەوەی لە پەرلەمانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر کورسییان هەبێت.
ئانالینا بایەربۆک، بەربژێری پارتی سەوزەکان بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ماوەی 60 ساڵە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی بواری کەشوهەوامان هەیە. پارتەکانی کریستیان دیموکرات و سۆسیال دیموکرات، بەڕێز لاشێت و شوڵز دەڵێن: لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا رێککەوتنەکە باش جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هێشتا دەیانەوێت بۆ ماوەی 17 ساڵی دیکە و بێ پاراستنی کەشوهەوا بەم جۆرە بەردەوام بین. جیهان زۆر گۆڕاوە و دەبێت هەر لە ساڵی 2021دا هەنگاو بنێین".
کەسایەتییەکی کاریگەری ئەڵمانیا لە سەدەی 21دا ئەنگێلا مێرکل بووە؛ ئەو خانمە 67 ساڵە رۆڵی گرنگی نەک تەنیا لە وڵاتەکەی، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیش هەبووە؛ بەڵام لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێدا دوای ئەم هەڵبژاردنە راوێژکار نابێت و کەسێکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ